چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێویستە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت بە رێکارێکی یاسایی روون بێت

52 خولەک له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، تاوتوێی رێگەکانی خێراکردنی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی کردووە. راشیگەیاند، بۆ پرسی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، داوای رێکاری یاسایی روون دەکەن.
 
ئەمشەو 22ی کانوونی یەکەمی 2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی کرد. لە راگەیێنراوێکدا ئەو هاوپەیمانێتییە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەنجامی لیژنە لاوەکییەکان و رێگەکانی خێراکردنى یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی کردووە لەگەڵ بەرکەوتەکانی دیکەی هەڵبژاردن.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا؛ یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، هەڵوێستی جێگیرە لەبارەی پشتگیریکردنی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت بەگوێرەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر و رێکاری یاسایی روون، کە سەروەریی دەوڵەت بەهێز بکات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بپارێزێت.
 
رۆژی شەممە 20-12-2025 فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هاوکاریی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بەڵام گرووپی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەڵێت، تەنیا ئەو کاتە گفتوگۆ لەسەر چەکدانان دەکەن کە هێزە بیانییەکان لە وڵات بچنە دەرەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە