رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە هێزی حەشدی شەعبی دەڵێ، پرسی سووریا نێوخۆییە و دەستوەردانی تێدا ناکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ زیندانییەکی داعش لە سووریاوە سنووری عێراقی نەبەزاندووە.
قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا زۆر پارێزراون و دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە."
قاسم موسڵیح دەڵێت، "پرسی سووریا نێوخۆییە و ناتوانین دەستوەردانی تێدا بکەین، بەڵام هێزە ئەمنیەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو."
ئاماژەی بەوەش کرد، هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان فەرماندە سەربازییەکان هەیە و هەموو هێزەکان بۆ بەرگریکردن لە یەک سەنگەر و بەرەدان.
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هەڵاتنی زیندانییانی داعش لە سووریا و ئەگەری هاتنیان بۆ عێراق، قاسم موسڵیح گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ زیندانییەکی داعش سنووری عێراقی نەبەزاندووە و هیچ جووڵەیەکیش بەدی نەکراوە."
رۆژی چوارشەممە 21-1-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق راگەیاند.
بەپێی سێنتکۆم، ئامانجی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە گواستنەوەی نزیکەی 7,000 زیندانیی داعشە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکان.
فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی، "با هاووڵاتییان دڵنیابن، سنوورەکان پارێزراون."
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سنوورەکانمان سەد لە سەد پارێزراون و هیچ چەکدارێک ناتوانێ بپەڕێتەوە نێو خاکی عێراق، چونکە بە کامێرا، پاسەوان و دیوار تۆکمە کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ