رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنیی سووریا و مەترسیی شکاندنی زیندانەکانیان کرد. ئەمریکا سوپاسی عێراق دەکات بۆ وەرگرتنی چەکدارانی پێشووی داعش.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی (23-01-2026) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران پێشوازیی لە ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنیی سووریا، بەتایبەتی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو زیندانانەی چەکدارانی پێشووی داعشیان تێدایە تاوتوێ کراوە، کە بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان و دەرچوونی زیندانییەکانیان لەسەرە، ئەمەش وەک "هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە" ناوبرا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووەتەوە، بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان بەپێی خشتەی دیاریکراو و فەراهەمکردنی زەمینەی لۆجستی و هونەری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان."
محەممەد شیاع سوودانی ستایشی رۆڵی ئەدمیراڵ کوپەری کردووە، "لە تەواوکردنی رێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رادەستکردنەوەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە هێزە عێراقییەکان، هەروەها ئەو پاڵپشتییەی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر پێشکەشی عێراقیان کردووە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرکردایەتیی عێراق خوێندنەوەی پێشوەختەی بۆ دۆخی ناوچەکە هەبوو، ئەمەش وایکردووە حکومەت پلانی پێشوەختە بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و تووندوتۆڵکردنیان بە شێوازی نوێ جێبەجێ بکات، هاوکات گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عێراقییەکان لە کەمپەکانەوە."
لەلایەن خۆیەوە، ئەدمیراڵ کوپەر ستایشی رۆڵی عێراقی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و بەناوی هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سوپاسی ئەو هەنگاوە ئەمنییەی عێراقی کرد بۆ "پێشوازیکردن و وەرگرتنی دەستگیرکراوانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش."
فەرماندە ئەمریکییەکە ئامادەیی نیشانداوە بۆ پێشکێشکردنی پاڵپشتیی لۆجستی و تەکنیکی بۆ عێراق و بەردەوامیی هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هاوپەیمانان لەسەر باڵاترین ئاست.
رۆژی چوارشەممە، سوپای ئەمریکا 150 چەکداری پێشووی داعشی بۆ عێراق گواستەوە. بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەستبەسەرکراوانە "زۆربەیان سەرکردەی رێکخراوی داعش و لە مەترسیدارترین تاوانبارانن."
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ رووداو، لەنێو ئەو گرووپەدا هەڵگری وڵاتینامەی جیاواز هەن، لەوانە ئەورووپی، سوودانی، سۆماڵی و خەڵکی ناوچەی قەوقاز. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە بەشی زۆریان لە ئاستی "ئەمیر"دان و لە هێرشەکانی ساڵی 2014ی رێکخراوە پەڕگیرەکە بۆسەر عێراق و سووریا بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ