رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان، رۆژی پێنجشەممە داوای زیادکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی لۆجیستی لەسەر سنووری عێراق و سووریا کرد.
سەدر هۆشداری دەدات، مەترسیی تووندڕۆیی و ئەگەری دروستبوونی کەلێنی ئەمنی رووی لە زیادبوون کردووە. ئەوەش دوای ئەوەی سنوورەکە لە دیوی سووریاوە کەوتە دەستی سوپای عەرەبیی سووری.
لە راگەیێندراوێکدا، کەسایەتیی دیاری شيعەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، بەدواداچوونی بۆ راپۆرتەکان سەبارەت بە سنووری عێراق و سووریا کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە 5 راسپاردەی خستەڕوو.
سەدر داوای لە دەسەڵاتداران کرد پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ هێزە ئەمنییەکان، لەوانەش ئەفسەر و کارمەندان تۆکمەتر بکەن.
رێبەری رەوتی سەدر جەختی کردەوە، نابێت پاڵپشتییەکان تەنیا لایەنی سەربازی بگرنەوە، بەڵکو گرنگە خواردن، جلوبەرگ، پێداویستییە پزیشکییەکان و سووتەمەنیش لەخۆبگرێت.
سەدر هەروەها داوای هاوئاهەنگی ئاستبەرز دەکات لەنێوان هێزە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییەکانی عێراق، بەتایبەتی جەخت لە پێویستیی رێکخستنەوەی ریزەکانی حەشدی شەعبی دەکاتەوە.
سەدر دەڵێت، "پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوە و سنووردارکردنی مەترسیی لانکەکانی تیرۆر و تووندڕۆیی بکرێ، کە دەکرێت ئەوانە ببنە کەلێن لەسەر سنوورەکانمان" تاوەکو رێگری لە هەر دزەکردنێک بۆ نێو خاکی عێراق بکرێت.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان داوا دەکات فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان ئامادەیی مەیدانییان زیاتر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ئەو سەربازانەی لە ناوچە هەستیارەکانی سەر سنوور جێگیرکراون.
هاوکات، سەدر داوای ناردنی رێنماییکارانی ئایینی و بانگخوازانی کردووە "بۆ پتەوکردنی بەها ئەخلاقی، ئایینی و نیشتمانییەکان، برەودان بە یەکڕیزی و دژایەتیکردنی تائیفەگەری و تووندڕۆیی،" هەروەها داوای کرد ناکۆکییە سیاسییەکان وەلابنرێن.
سەدر نووسیویەتی، "هیوادارم ململانێ سیاسییەکان نەبنەهۆی لەبیرکردنی دۆخی ئەمنی و لۆجیستی، یان ببنە هۆی کەمتەرخەمی لەم رووەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ