عێراق
گەنجێک لە فڕۆکەخانەی بەغدا وێنەی حەسەن نەسروڵڵای بەرزکردووەتەوە کاتێک چاوەڕوانی فڕۆکەکەی دەکات بۆ ئەوەی بچێتە بەیرووت، وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بەبۆنەی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا کراوەتە پشوو، جگە لە کەرکووک و پارێزگا سوننەکان.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 23-02-2025) بەبۆنەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پشووی حیزبوڵڵای لوبنانی، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کراوەتە پشوو، هاوکات رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سیمبوولیش رێکدەخرێن.
ئەو پارێزگایانەی کردوویانەتە پشوو بریتین لە: بەغدا، دیوانییە، میسان، موسەننا، زیقار، بابل، واست، دیالە، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، سەلاحەدین (تەنیا بەلەد، دوجێل، خوورماتوو و ئامرلی).
لە پارێزگەکانی کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا و زۆربەی سەلاحەدین نەکراوەتە پشوو. لە سەلاحەدین تەنیا لە ناوچە زۆرینە شیعەنشینەکان کراوەتە پشوو.
کاژێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سیمبوولی بۆ حەسەن نەسروڵڵا، لە شاری بەغدا لە ناوچەی کازمییە بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاکانی دیکەش بەم شێوەن:
کەربەلا کاژێر 08:00ـی ئێوارە
دیوانییە 03:00ـی دوای نیوەڕۆ
بەسرە کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ
نەجەف کاژێر 04:00ـی دوای نیوەڕۆ
میسان 03:00ـی دوای نیوەڕۆ
سەماوە 03:30ـی دوای نیوەڕۆ
واست کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ
لە پارێزگای بەسرە، سەرەتا نەکرایە پشوو، ئەوەش کاردانەوەی پەرلەمانتارانی نزیک حەشدی شەعبی و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە، کە چوونە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا و داوایانکرد بکرێتە پشوو، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاری پشووی دا.
ئێوارەی دوێنێ (شەممە) عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە، کە نزیکە لە حەشد شەعبی لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا داوای کرد ئەمڕۆ بکرێتە پشوو، پرسیاری ئەوەی کرد "چۆن دەبێت پارێزگایەکی وەک بەسرەی شەهیدان و شاری ئەبو مەهدی موهەندیس، خۆی جیابکاتەوە و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە نەیکاتە پشووی فەرمی؟"
بەمەبەستی گواستنەوەی زیاتری خەڵکی عێراق بۆ لوبنان و بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە 21ـی ئەم مانگەوە ژمارەی گەشتی رۆژانەی بۆ دوو گەشت زیاد کردووە.
ئەمڕۆ، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان و هاشم سەفییەدینی جێگری بەڕێوەدەچێت، کە هەردووکیان لە بۆردوومانی ئیسرائیلدا کوژران.
رێوڕەسمەکە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی خۆجێیی لە شاری کەمیل شەمعوونی وەرزشی لە بەیرووت دەستپێدەکات.
بەگوتەی عەلی زاهر، رێکخەری باڵای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە، نوێنەرانی 79 وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن لە ئاستی شاندی فەرمی، یاخود شاندی جەماوەری.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، رۆژی یەکشەممە 02-02-2025 رایگەیاندبوو، رۆژی 23ـی شوبات لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفییەدین بەخاک دەسپێردرێن، چونکە "لە دۆخێکی دژواردا شەهید بوون، دەرفەت نەبووە دەستبەجێ بەخاکبسپێردرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ