رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێت، دوای ئارامبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، ئاسمانی عێراق بەتەواوی کراوەتەوە و سەرجەم فڕۆکەخانەکان کارا کراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا کۆمپانیای (فلای ئەربیل) دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ ئیستەنبووڵ و بەیرووت راگەیاند.
جیهاد دیوان، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای رێککەوتنی ئاگربەست و باشتربوونی دۆخی ئەمنی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانی ئاگادار کردەوە کە ئاسمانی عێراق بەتەواوی کراوەیە. ئێستا هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە کراوەن."
گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی گوتی، ئاسمانی عێراق بە رووی ئەو فڕۆکانەشدا کراوەتەوە کە ئاسمانەکە بۆ تێپەڕبوون بەکاردەهێنن و پێشبینی کرد گەشتەکان لە بەیانییەوە ئاسایی ببنەوە.
لەلایەن خۆیەوە لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (فلای ئەربیل) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئاگاداری کردووینەتەوە کە سبەی وەک یەکەم کۆمپانیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆمان بۆ ئیستەنبووڵ و بەیرووت دەست پێبکەینەوە."
لاوەند مەموندی گوتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا و بەپێی رەخسانی هەلومەرج، گەشتەکانی دیکەشیان بەشێوەیەکی پلەبەندی، کارا دەکەنەوە.
سەبارەت بە گەشتەکانی ئەورووپا، لاوەند مەموندی روونیکردەوە کە هێشتا پێویستیان بە رەزامەندیی فەرمیی "ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەوروپا (EASA)" هەیە و گوتی: "ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت گەشتی راستەوخۆ بۆ ئەورووپا بکات، بەڵام چاوەڕوانین لە 48 کاتژمێری داهاتوودا، ئەگەر دۆخەکە بەتەواوی ئارام بێ، رەزامەندیی (EASA)بەدەست بهێنینەوە و گەشتەکانمان بۆ هەموو وڵاتان دەست پێبکەینەوە."
بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە لە 13ی حوزەیرانەوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراون.
دوێنێ دووشەممە 23-06-2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە 10 رۆژی رابردوودا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ