رووداو دیجیتاڵ
بانگەشە بەردەوامە؛ سوودانی هۆشداری لە دۆخی دوای هەڵبژاردن دەدات و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە بناخەی سەقامگیری یان لەدەستدانی دەستکەوتەکان لێکدەداتەوە. ئەنجوومەنی دادوەریش دانپێدانانی بکوژەکانی سەفا مەشهەدانی بڵاوکردەوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، پارتی بەردەوامە لە بانگەشەکانی بە دروشمی 'بەرەو یەک ملیۆن دەنگ'، یەکگرتووی ئیسلامیش خۆی بۆ زنجیرە هەڵمەتێکی بانگەشەی جیاواز ئامادە دەکات.
سوودانی هۆشداری لە ئەنجامی دوای هەڵبژاردن دەدات
محەممەد شیاع سوودانی، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)ـە لەم هەڵبژاردندا، پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە، یان ئەنجامەکانی بناخەیەک دەبن بۆ سەقامگیری و پارێزگاریی دەستکەوتەکانی عێراق، یانیش پاشەکشە و لەدەستدانی دەستکەوتەکان دەبێت.
سوودانی هەندێک لایەن تۆمەتبار دەکات بەوەی، "درۆ و چەواشەکاری و شێواندن" بەکاردەهێنن، کە وەک خۆی دەڵێت، بۆ کاریگەری خستنە سەر ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون و ئامانج لێیان تێکدانی دیمەنەکەیە.
'دوو لە بکوژەکانی سەفا مەشهەدانی دانیان بە تاوانەکانیان دا نا'
رووداوی کوشتنی سەفا مەشهەدانی لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک بوو لەو رووداوانەی کە لە شەقامی عێراقیدا زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و، هەندێک لە چاودێران و سیاسەتڤانان بە چەخماخەی هەڵگیرسانی ئاڵۆزیی نێوان شیعە و سوننە پێناسەیان دەکرد.
هەفتەیەک دوای رووداوەکە، 5 تۆمەتبار لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکران و بە تۆمەتباری تاوانەکە ناسێندران. لەکاتێکدا خودی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە تۆمەتباری رووداوەکە ناودەبرێن.
رۆژی 22ی ئەم مانگە، قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو 5 کەسە ئەندامی حەشدی عەشایەرین و دانیشتووی تارمییەن، لەلایەن ئاسایشی حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکران و رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراون."
حەشدی عەشایەری ئەو چەکدارانەی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبین، کە زۆربەیان لە پێکهاتەی سوننەن.
540 بەربژێر سزادراون
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامدا، گلەیی زۆر لە شوێن و چۆنیەتی دانانی پۆستەری بەربژێرەکان دەکرێت. کۆمیسیۆنیش هەر چەند رۆژ جارێک کۆمەڵێکیان سزا دەدات.
تێکڕای ئەو بەربژێرانەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە پێبژاردن سزادراون گەیشتە 540 بەربژێر کە 82 لە سزادراوان بەربژێری ژنن.
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، تێکڕای ئەو بەربژێرانەی تاوەکو ئێستا سزادراون گەیشتووەتە 540 بەربژێر، 62یان بەر لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن سزا دراون.
396 لەو بەربژێرانەی کە دوای دەستپێکی بانگەشە سزادراون پیاو بوون و 82 ـەکەی دیکە بەربژێری ژن بوون.
سزاى پێبژاردنى کۆمیسیۆن بە گوێرەی رێکارەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنە کە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات، زۆرترین پێشێلکارییەکان هەڵواسینی وێنە و پۆستەرە لەو شوێنانەی کە رێپێدراو نین.
بەپێی زانیاریی کۆمیسیۆن بەراورد بە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان سەرپێچی هەڵبژاردن کەمترن، حیزبەکان ئارام و هێمنتر بانگەشە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستان 45 سەرپێچی تۆمارکراون، ئەو ژمارەیەش کەمتر لە ٪12ـی کۆی سەرپێچییەکانە لە عێراقدا، چونکە لە عێراق لەوەتەی بانگەشە دەستیپێکردووە زیاتر لە 400 سەرپێچی تۆمارکراون.
'گەنجان بێهیوان لە هەڵبژاردن'
دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تاوەکو رۆژێک پێش دەنگدان بەردەوام دەبێت. وەک کۆمیسیۆن دەڵێت، ئامانج لەو کارە ئەوەیە، زۆرترین هاووڵاتی کارتەکانیان وەربگرنەوە و بەشدارییان لە دەنگدان فراوان بێت.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆی سێ ملیۆن و 583 هەزار و 704 کارتی بایۆمەتری نوێ، کە یەکەمجارە خاوەنەکانیان بتوانن دەنگی پێ بدەن، ملیۆنێک و 942 هەزار و 50 کارت دابەش کراون، دەکاتە 62.5%ی تێکڕای ئەو کارتانە نوێیانەی چاپ کراون. ژمارەی ئەو کارتانەش دابەش نەکراون ملیۆنێک و 165 هەزار و 938 کارتە، کە 54.2%ی تێکڕای کارتە چاپ کراوەکانن.
کەواتە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و ئەوانەی یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، هەر لەسەر ئەو بڕوایەدان کە بەشداری لە دەنگدان دا نەکەن.
پارێزگای دهۆک لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دابەشکردنی زۆرترین کارت کە لە کۆی 91 هەزار و 782 کارتی نوێ، 70 هەزار و 798 کارت دابەش کراون و دەکاتە 77.1%ی تێکڕای کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایە.
کەمترین بڕی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریش لە پارێزگای نەجەف بووە، کە 45 هەزار و 23 کارت بووە کە 35.5%ی تێکڕای کارتە نوێیەکانی ئەو پارێزگایەیە.
نێچیرڤان بارزانی: کاتی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە
پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لە هەڵمەتی بانگەشەکانی لەژێر دروشمی "بەرەو یەک ملیۆن دەنگ".
لە دهۆکەوە نێچیرڤان بارزانی ئەو دروشمەی حیزبەکەی دووبارەکردەوە و گوتی، "ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی و داهاتووی ئێمە گرنگە و پارتی بەرەو یەک ملیۆن دەنگ دەڕوات."
جێگری سەرۆکی پارتی رووی لە دەنگدەرانی پارتی کرد و گوتی، "پارتی بەردەوام دەبێت لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتن." هەر لەوێدا جەختی کردەوە: "سەرکەوتنی پارتی یەکسانە بە سەرکەوتنی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئەگەر پارتی بەهێز بێت، کوردستان بەهێزە، پارتی بە بوون و ماندووبوونی ئێوە کاروانێکی دەستپێکردووە، کە بە هاوکاری خودا و پاڵپشتی ئێوە بەردەوام دەبێت، مادام ئێوە خاوەنی پارتی بن، پارتی هەر سەردەکەوێت."
یەکگرتوو خۆی بۆ بانگەشەیەکی جیاواز ئامادە دەکات
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاری داوە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە قۆناخێکی نوێی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات و لە هەر سێ بازنەی سلێمانی و دهۆک و هەولێر بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی وەک خۆیان دەڵێن، "گەورەترین کەرنەڤاڵی پشتیوانی" بۆ سەرخستنی لیستەکەیان ئەنجام بدەن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکگرتووی ئیسلامی 16 بەربژێری هەیە، کە لە هەولێر چوار بەربژێر، لە سلێمانی هەشت بەربژێر و لە دهۆکیش چوار بەربژێری هەیە، بەڵام لە بازنەی نەینەوا و کەرکووک ئەو حیزبە هیچ بەربژێرێکی دانەناوە.
د. سەلاحەدین بابەكر بە رووداوی گوت، "بانگەشەی جەماوەری یەکگرتوو لە 10 رۆژی کۆتایی چڕتر دەبێت و بڕیارە بە بەشداریی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە، کەرنەڤاڵی جەماوەری لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و کاندیدەکانیان بناسێنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ