رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "گواستنەوەی ئەندامانی رێکخراوی داعش بۆ زیندانەکانی عێراق، بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاسایشی ناوچەکەیە."
ئەو گوتانەی سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ ئاتول خارى، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئۆپراسیۆن کە یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2025 لە بەغدا ئەنجامدرا.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "عێراق ئەوەی سەلماند کە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و لە تواناشیدایە چارەسەری دروست و گەرەنتیکراو بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تیرۆر پێشکێش بکات."
گواستنەوەی داعشەکان لە سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکرێت کە نزیکەی 7000 کەس دەگرێتەوە، کاروانی یەکەمیان رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2026 هێنرانە عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا لەگەڵ بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "پێویستە لەسەر وڵاتانی پەیوەندیدار هاووڵاتییانی خۆیان کە داعشن وەربگرنەوە و دادگاییان بکەن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن".
لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەندامانی رێکخراوی داعش هەن کە سەر بە وڵاتانی جیاوازن.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئۆپراسیۆن باسی لە گرنگیی گواستنەوەی ئەندامانی داعشی کردووە بۆ عێراق و رایگەیاندووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی دەکات بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی مەترسیی تیرۆر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ