رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی عێراق تێبینى لەسەر بڕى ئەو داهاتە نانەوتیە هەبووە، کە هەرێمى کوردستان رادەستى کردووە. پرسى ناردنى مووچەش لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران یەکلا دەکرێتەوە کە رۆژی سێشەممە دەکرێت.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەستى کەوتوون، وەزارەتى دارایی فیدراڵى تێبینیى سەرەکى لەسەر پرسى ناردنى مووچە لەبارەى داهاتى نانەوتییە کە رادەستکراوە.
تێبینیەکەی وەزارەتى دارایی ئەوە بووە، ئەو داهاتەى رادەستکراوە 50٪ـى ئەو داهاتە خەمڵێنراوە نییە، کە پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2024 پێی راگەیاندوون، گوایە مانگانە نزیکەى 300 ملیار دینار داهاتیان هەیە.
22ى نیسانى 2025، تیمێکى تەکنیکیى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداى کرد و لیستى مووچەى رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کرد، هەر هەمان رۆژ 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار لە داهاتى نانەوتى رادەستی بەغدا کرد.
سەرچاوەکەى رووداو ئاماژەى بەوەدا، پاساوى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە بەشێک لە داهاتى نانەوتى وەک خەرجى بەکاربردن بەکاردەهێنرێت.
رۆژی 22ـی نیسانی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە ئەمریکاوە بە رووداوی گوت: "لیستی مووچەی هەرێمی کوردستانمان بەدەست گەیشتووە، پێیدا دەچینەوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەکرێت."
بەگوێرەى مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، پێویستە داهاتى نانەوتى بەگوێرەى یاسای کارگێرى دارایی رادەستى بەغدا بکرێت و دیوانى چاودێرى دارایی فیدراڵ بەهاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستالن وردبینى ئەو داهاتە دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "لیستى مووچەى مانگى نیسان کێشەى تێدا نییە و بڕیارە لە دواى تاوتوێکردنى لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران لە رۆژی سێشەممە، بڕیارى کۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر لەوێ تێپەڕێت رۆژانى چوارشەممە یان پێنجشەممەى کۆتایی هەفتەى داهاتوو واژۆ لەسەر ناردنى پارەى مووچە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ