رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێنمایی نوێ بۆ چۆنییەتی گەڕانی ماتۆڕەکانی گەیاندن (دیلیڤەری) لە شەقامەکان راگەیاند، ئەوەش بە مەبەستی رێکخستنەوە و بەیاساییکردنی گەڕانیان بە شەقامەکانی پارێزگاکانی عێراق دا.
رۆژی شەممە، 25ی ئایار، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان "ژمارەیەک رێنمایی تایبەت بە کار و گەڕانی ماتۆڕی گەیاندن (دیلیڤەری) خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
لەبارەی گرنگترین ئەو رێنماییانە، عەمید میری بە رووداوی گوت: "وەزارەتی ناوخۆ، سەرەتا بەدواداچوونی ئەمنی بۆ شۆفێری ماتۆڕەکان دەکات، ناوەکانیان وەردەگرێت و وردبینییان بۆ دەکات، دواتر بە فەرمی ناویان لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمار دەکات و بەڵێنی نووسراو لە خاوەن رێستۆرانتەکان وەردەگرێت کە جگە لەو شۆفێرانەی ناویان لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کراوە کەسی دیکە بەکار نەهێنن."
وەکو عەمید میری باسی دەکات رێنماییەکی دیکە ئەوەیە: "هەموو ماتۆڕەکانی گەیاندن دەبێ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق تۆمار بکرێن و دەبێت رەنگیان زەرد بێت و شۆفێرەکەش کڵاوی سەلامەتی لەسەر بکات."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەر ماتۆڕێکی تۆمارکراو لە وەزارەتی ناوخۆ ستیکەرێکی تایبەتی وەزارەتی لێدەدرێت کە ژمارە و کۆدی نهێنی وەزارەتی تێدایە."
عەمید میری جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ماتۆڕانەی ئەم مەرجانەی تێدا نییە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە و لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی هەموو مەرجەکانیان تێدایە لە شەقامەکان دا کارئاسانییان بۆ دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 21ی ئایار لیژنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەشانی کۆتایی 10 رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی کاری ماتۆڕی گەیاندنیان خستە بەردەست وەزیری ناوخۆ و ئەویش هەمان رۆژ واژۆی کرد و بەمەش رێنماییەکان چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و نێردران بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ