سەرچاوەیەک بۆ رووداو: هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێدەهێڵن و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

25-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
  
تەنیا ئەحمەد و مالیک محەممەد
 
لە کاتێکدا وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نزیک دەبێتەوە، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عێراقدا دەستیپێکردووە. 
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کشانەوەی هێزەکان لە بنکەی عەین ئەسەد و بەغداوە دەستپێدەکات و ئاراستەی جووڵەکە بەرەو هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
پێنتاگۆن بە فەرمی هیچ زانیارییەکی نوێی لەبارەی ئەم جموجووڵانە رانەگەیاندووە، بەڵام جەختی لەسەر پابەندبوونی واشنتن کردووەتەوە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2025.
 
"کشانەوەکە بەرەو هەولێر دەبێت"
 
لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بە راپۆرتەکان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و ڤیکتۆریا لە بەغدا، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراقی گوتی: "بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کشانەوەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە لە بنکەی عەین ئەسەد و بەغداوە دەستپێدەکات."
 
سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردەوە کە ئەو جموجووڵانەی ئێستا لە بنکەکاندا هەن، ئامادەکارین بۆ پرۆسەی کشانەوەکە و رایگەیاند: "کشانەوەکە بەرەو هەولێر دەبێت، نەک وڵاتانی دەوروبەر."
 
پێنتاگۆن: هیچ شتێکی نوێمان نییە رایبگەیەنین
 
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە لێدوانێکدا بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەی وردەکاریی جووڵەکان، رایگەیاند: "هیچ شتێکی نوێمان نییە رایبگەیێنین. ئەمریکا، بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی لەگەڵ عێراق سەبارەت بە گواستنەوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیی داعش لە عێراق، لە پێداچوونەوە و گونجاندنی پێویستی پێکهاتەی هێزەکانی لە عێراق بەردەوامە."
 
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن دووپاتیکردەوە: "وەک راگەیێنراوە، ئێمە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لەنێو عێراقدا تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2025 پابەندین و لە پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا لە بنکەکانی عێراقەوە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2026  بەردەوام دەبین. دوای گواستنەوەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی هاوکاریی ئەمنیی دووقۆڵی لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت."
 
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش، لە عێراق جێگیر بوون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە