رووداو دیجیتاڵ
سووریا دەروازەی سنووریی قائیم بۆ هاتووچۆی بازرگانی دەکاتەوە، بەڵام حکومەتی عێراقی بڕیاری کردنەوەی دەروازەکەی نەداوە.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنی سووریا ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری قائیم بۆ هاتووچۆی بازرگانی و لە دوێنێوە ئامادەیە.
دەروازەی قائیم بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور و لەوێ پێی دەگوترێت دەروازەی ئەلبوکەمال.
قایمقامی قەزای قائیم گوتی، لە دیوی سووریا بارهەڵگرێکی زۆر وەستاون و چاوەڕێی هاتنە نێو عێراق دەکەن، چونکە سووریا لای خۆی دەروازەکەی کردووەتەوە.
بەڵام وەک تورکی مەحلاوی باسی دەکات، ئەوەی ماوەتەوە لایەنی عێراقییە کە "تاوەکو ئێستا چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی عێراق دەکەین بۆ کردنەوەی دەروازەکە".
بڕیاربوو دوێنێ دەروازەکە بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراقی ماوەتەوە.
قایمقامی قەزای قائیم گوتیشی: "هاتووچۆکردنی هاووڵاتییە عێراقی و سووریاییەکان لەو دەروازەیەوە بەردەوام بووە و دەستپێکردنەوەی جموجۆڵەبازرگانییەکان ماوە".
لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمەوە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، دەروازەی قائیمی نێوان عێراق و سووریا داخرا و دواتر رێگە بە هاتووچۆکردنی دۆخی پێویست و مرۆیی درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ