رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، وێڕای ستایشکردنی هەوڵەکانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکدارانی داعش، روبیۆ هۆشداری دەداتە لایەنەکانی عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەڵێت، حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کرابێت، ناتوانێت هاوبەشیی نێوان بەغدا و واشنتن پێش بخات.
تۆمی پیگت، جێگری سەرەکیی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مارکۆ روبیۆ "ستایشی دەستپێشخەری و سەرکردایەتیی حکومەتی عێراقی کردووە" لە پەلەکردن لە گواستنەوە و دەستبەسەرکردنی "تیرۆریستانی داعش" بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، ئەمەش دوای ئەو ناسەقامگیرییەی لەم دواییانەدا رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانیان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی وڵاتان بە خێرایی هاووڵاتییەکانیان لە عێراق وەربگرنەوە و رادەستی دادگەیان بکەن.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بووە بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. لەم بارەیەوە روبیۆ پەیامێکی روونی ئاراستەی سوودانی کردووە و جەختی کردووەتەوە "حکومەتێک لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ بکرێت، ناتوانێت بە سەرکەوتوویی بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پێشینەدا دابنێت، یان عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت."
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، حکومەتێکی لەو شێوەیە ناتوانێت ئەو هاوبەشییە بەرەوپێش ببات کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لا و لە نێوان ئەمریکا و عێراقدایە.
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بە تەواوی رۆڵی خۆی وەکو هێزێک بۆ سەقامگیری، خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ