رووداو دیجیتاڵ
شیعەکان لەسەر دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرانى سەرۆککۆمار یەکلا نەبوونەتەوە، هەرچەندە یەکێک لە سەرکردەکانیان پێشبینی دەکات زۆرینەیان دەنگ بە بەربژێری پارتی بدەن. سوننەکانیش لەسەر دەنگدان بە بەربژێرەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، چاوەڕێی کۆبوونەوەی 27ی کانوونی دووەمی پەرلەمانی عێراقە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، کە هەنگاوی بەر لە دەستپێکردنی پێکهێنانی کابینەی شەشەمی حکومەتە.
ئەو هاوپەیمانێتییە نووری مالیکی، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاساى وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەستنیشان کردووە، کە پێویستی بەوەیە سەرۆککۆماری نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەکەی حکومەت رایسپێرێت.
19 بەربژێر بۆ رکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار ماونەتەوە، دیارترینیان د. فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
شیعە یەکلا نەبووەتەوە
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە بە زیاتر لە 180 کورسی، بە فەرمی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نییە بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی دیاریکراو، کە چەند جارێک داوای لە لایەنە کوردستانییەکان کرد بە یەک بەربژێرەوە بچنە پەرلەمان.
دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیارێکی فەرمی نییە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دەنگ بە بەربژێرێکی دیاریکراو بدرێت و، بڕیارە تاوەکو سێشەممە ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە؛ یان پەرلەمانتاران سەرپشک بکەن لەوەی دەنگ بە کێ دەدەن."
بەگوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە گەڕی یەکەمدا پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانە کە 220 کورسییە، ئەگەرنا لە گەڕی دووەمدا پێویستی بە زۆرترین دەنگە لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەی کە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەکەمدا بەدەستهێناوە.
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی سەرکردایەتى رێکخراوی بەدر کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی گوت: "ئەو لایەنانەی لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگیان بە بەربژێربوونی نووری مالیکی دا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، دەنگ بە بەربژێری پارتی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام بڕیارێکی فەرمی بۆ ئەوە دەرنەکراوە."
رەوتی حیکمە، عەسائیبی ئەهلی حەق، هاوپەیمانیی خەدەمات دەنگیان بۆ بەربژێربوونی نووری مالیکی نەداوە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە سەرجەمیان زیاتر لە 50 پەرلەمانتاریان هەیە.
رەحیم عەبوودی لە رەوتی حیکمە رەتیدەکاتەوە پەنا ببەنە بەر سێیەکی پەکخەری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وەک هەنگاوێک لە دژی بەربژێربوونی مالیکی و گوتى: "پەرلەمانتارانمان ئامادەی دانیشتنەکە دەبن و نابینە بەردی سەر رێگەی پەکخەری تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان."
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بن کە 219 پەرلەمانتارە.
دابەش بوونی سوننەکان
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کە زیاتر لە 65 کورسیی پەرلەمانی عێراقی هەیە، بڕیارێکی یەکگرتووی نییە بۆ دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆمار.
عەزام حەمەدانی، رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی عەزم بۆ لێدوان؛ بە رووداوی رایگەیاند: پێکهێنەرانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بۆ دەنگدان بە سەرۆککۆمار دابەش بوون و هەر لیستێک خۆی بە پەرلەمانتارەکانی دەڵێت دەنگ بە کام بەربژێر بدەن.
ئەو هاوپەیمانییە لە پێنج لایەن پێکهاتووە کە هاوپەیمانیی سەروەری، عەزم، تەقەدووم، حەسم و جەماوەری نیشتمانی پێکدێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ