رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا دەرگای هاوردەکردنی تەماتە و باینجان بکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هیچ رێگرییەک لەبەردەم بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا نییە بۆ ئەوەی رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراقی بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 26-03-2024، د. مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی پێویستیی بازاڕی ناوخۆییەوە، بڕیارمانداوە هاوردەکردنی تەماتە و باینجان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەستپێبکاتەوە و تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان دەکات، هاوردەکردن بەردەوام دەبێت."
لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان، بەرهەمی ناوخۆیی تەماتە کەم دەبێتەوە و بەشی پێداویستیی بازاڕ ناکات. بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، نرخەکان لە بازاڕدا بەرزبوونەتەوە و گوتی: "نرخی یەک کیلۆ تەماتە گەیشتبووە 1250 بۆ 1500 دینار، بۆیە بە کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن، نرخەکەی بۆ نزیکەی 1000 دینار دادەبەزێت."
سەبارەت بە ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، د. مەهدی جبووری دڵنیایی دایە جووتیاران و گوتی: "هیچ کۆتوبەند و رێگرییەک لەسەر هاوردەکردنی تەماتە و باینجان لە هەرێمی کوردستانەوە نییە؛ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی بەرهەمەکانیان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بنێرن."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوەش کردەوە کە بڕیاری کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن تەنیا بۆ یەک مانگ نییە، بەڵکو "تاوەکو ئەو کاتەی پێویستیی بازاڕ مابێت، هاوردەکردن بەردەوام دەبێت."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بڕی بەرهەمهێنانی تەماتە لە عێراق ساڵانە دەگاتە نزیکەی 534 هەزار تۆن.
ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، هاوردەکردنی زیاتر لە 48 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخە کرابوو، کە تەماتە و پەتاتە لە دیارترینیان بوون.
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەرەتای مانگی شوباتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و لە چوارچێوەی یەکخستنی رۆژنامەی کشتوکاڵی، هاوردەکردنی تەماتە لە هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دوای دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمیی و پاڵپشت بە راپۆرتی عەلوەکان و بەدواداچوونەکان لەبارەی بەرهەمی پێویست و لە ژێر رۆشنایی بڕیارکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دا، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیار و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر لەبارەی هەڵگرتنی قەدەخە سەر هاوردەکردنی تەماتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ