عەلی عەللاق: بانکێکی تایبەت بە حەواڵە دەرەکییەکانی عێراق لە ئەمریکا دەکرێتەوە

26-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگی ئایاری داهاتوودا کێشەی کارتەکانی ڤیزە و ماستەرکارد لە دەرەوەی وڵات چارەسەر دەکرێت. گوتیشی، "رێککەوتن کراوە لەسەر دامەزراندنی بانکێکی دیکە لە ئەمریکا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بانکە عێراقییەکان لە پڕۆسەکانی حەواڵە."
 
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی نیسان، عەلی عەللاق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'شەرق بلومبێرگ' رایگەیاند، "بانکی ناوەندی دوو ئەرکی خۆی پەیوەست بە فرۆشی نەختینەیی و حەواڵەی دەرەکی تەواو کردووە، بەڵام قەیرانی کارتەکە لێکتێنەگەیشتنی تێدا بووە. کاتێک دەستمانکرد بەم پرۆسەیە، پێویستمان بە گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێن بوو، بۆیە هەندێک وەستان و هەندێک گۆڕانکاری لە کارەکانی پەیوەست بە کارکردنی ئەو کارتانە روویدا".
 
"کارت بۆ بازرگانە بچووکەکان دروست دەکرێت"
 
عەلی عەللاق گوتی، "رێککەوتن کراوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە "ڤیزا" و "ماستەرکارد"یش دەگرێتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەزێنە و یەدەگی فیدراڵی و کۆمپانیای وردبینی، لەسەر شێواز و رێڕەوی یەکلاییکردنەوەی ئەم دوو کارتە."
 
26ـی شوباتی 2025، بانکی تی بی ئای عێراقی، بە فەرمانی بانکی ناوەندیی عێراق، راکێشانی پارەی کاشی بە کارتەکانی ڤیزە و ماستەرکارد لە دەرەوەی عێراق راگرت.
 
پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختیشی کردەوە، "بانکی ناوەندی هەنگاوی بەپەلەی ناوە لەمبارەیەوە، پێشبینی دەکەین کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا تەواو بێت، واتە پێش ئەو وادەیەی بۆ ئەم پرۆسەیە دیاریکراوە کە یەکی حوزەیرانە."
 
عەلی عەللاق ئاشکراشی کرد، دەستیان کردووە بە دانانی پلانێک بۆ دەرکردنی کارت بۆ بازرگانە بچووکەکان، دوای تەواوبوونی راوێژ لەگەڵ کۆمپانیاکان، "بەجۆرێک داواکارییەکانی بازرگانان و حەواڵەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بکرێن".
 
کردنەوەی بانکێک لە ئەمریکا بۆ چاودێریی حەواڵە دەرەکییەکانی عێراق
 
عەلاق ئاماژەی بەوەدا، "بانکی ناوەندیی عێراق بە رێککەوتن و راوێژ لەگەڵ خەزێنە و یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، رێکخستنی پڕۆسەی فرۆشی نەختینەیی دۆلاری تەواو کردووە و بە شاهیدی ئەمریکییەکان کارەکان بە نموونەیی بەڕێوەچوون. حەواڵە بازرگانییەکانی دەرەوەش بە شێوەیەکی فراوان بەڕێوەدەچن."
 
وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی دەڵێت: "تۆڕی بانکەکانمان لە دەرەوە لە ئەمریکا و شوێنەکانی تر فراوانتر کردووە، هەروەها رێککەوتن کراوە لەسەر کردنەوەی بانکێکی دیکە لە ئەمریکا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بانکە عێراقییەکان لە پڕۆسەکانی حەواڵەدا."
 
"بانکە عێراقییەکان سزا نەدراون، بەڵکو تەنیا لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کراون"
 
زیاتر لە 30 بانکی عێراقی لەلایەن گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراقەوە سزادراون و لە پێدانی دۆلار بێبەش کراون.
 
لەبارەی بانکە عێراقییەکان کە لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کراون، عەلاق گوتی، "دەبێت بانکە سزادراوەکان ئەو داواکارییانەی پەیوەستن بە خاوەندارێتی، پابەندبوون، سپیکردنەوەی پارە و خزمەتگوزارییە بانکییەکان جێبەجێ بکەن، تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ئاسایییەکانیان."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق روونیشی کردەوە، "ئەو بانکانە رووبەڕووی هیچ سزایەک نەبوونەتەوە و لە لیستی سزاکاندا تۆمار نەکراون، بەڵام بەهۆی تێبینی لەسەر حەواڵەی دەرەکی، تەنیا لە بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵەکاندا راگیراون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی. وێنە: رووداو

رێکارى ژماردنى دەنگی هەڵبژاردن؛ تیروپشک بۆ هاودەنگەکان دەکرێت

تیروپشک بۆ بەربژێرە هاودەنگەکان، پڕکردنەوەی کورسى بەتاڵى بەربژێرى سەرکەوتوو لە لیستەکەى و هەژمارکردنى بەربژێرى ژنى دەرچوو بە دەنگى خۆى لەسەر رێژەى کۆتا، دیارترین ئەو رێکارانەن کە کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنى کورسی و گۆڕینى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پەسندى کردوون.