بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: هێزە سەرەکییەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەنگ بە گۆڕانکارییەکانی بودجەی عێراق دەدەن

26-05-2023
پەیمان محەممەد
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات کارەکانی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بوون و تەنیا ماوە راپۆرتی کۆتایی بخرێتە دەنگدانەوە و رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە.
 
رۆژی هەینی، 26-05-2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی فراکسیۆنی یەکێتی، بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روداوی گوت، سبەی سەر لە بەیانی راپۆرتی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێتەوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
رۆژی 25ى ئایارى 2023 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەبێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگی لەسەر چەند پێشنیازێک دا، بۆ  گۆڕانکارى و زیادکردنى چەند بڕگە و خاڵێک بۆ هەردوو مادەى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان. 
 
نەرمین مەعرووف لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: ''لەبەر ئەوە بوو کە داوای ئەوەیان دەکرد دەقی ئەسڵی مادەی 13 و 14 لە پڕۆژەیاسای بودجە وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەو شێوەیەی کە حکومەت ناردبووی بۆ پەرلەمان.''
 
گۆڕانکارییەکان لەسەر پێشنیازى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و چەند پەرلەمانتارێکى شیعەى نێو لیژنەى دارایی بووە، یەکلاکردنەوەى ئەو  گۆڕانکارییانە لەنێو پەرلەمانى عێراق دەبێت، کە پێویستە دەنگى لەسەر بدرێت.
 
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لایەنەکانی دەنگدەر لەسەر گۆڕانکاریی مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە، جەختیان لەوە کردووەتەوە، هاوشێوەی هەموو مادەکانی دیکە کە بەپێی یاسا دەسەڵاتی لیژنەی داراییە گۆڕانکارییان تێدا بکات، زیادکردن یان لابردنی بڕگە هەبێت، ئەو دوو مادەیەش بە دەر نین لە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە.
 
 
لە خاڵى یەکەمى بڕگەى دووەمی مادەی 13، ناوى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لە برى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە داڕشتەى پێشوودا هەبوو. ئەوە جگە لەوەى دەسەڵاتى بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداویستى نێوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوگانەى کە وەزارەتى نەوت گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە گۆڕانکارییەکان لە دەقی سەرەکیی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە کە پەیوەستە بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونەکانی بە حکومەتی فیدراڵی، بەپێچەوانەی رێککەوتنەکانی پێشووی ئەو دوو حکومەتە نییە. 
 
پێشتر بەغدا و هەولێر لەسەر ئەوە رێککەتبوون کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ بە نرخی جیهانی بفرۆشرێت و حکومەتی فیدراڵیش شایستە داراییەکانی هەولێر وەکو مووچەی مووچەخۆران بنێرێت کە ئەوە بنەمای رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەش بووە. 
 
نەرمین مەعرووف گوتی: ''وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە نەهاتووەتە پەرلەمان و لەوێ پەسند نەکراوە، تەنیا لەسەر ئاستی حکومەت بووە و پەرلەمانیش حکومەت نییە، بێگومان لایەنی جیا لە حکومەتی تێدایە و لە هەمانکاتدا، پەرلەمان بەپێی دەستوور و پەیڕەوی نێوخۆیی، دەتوانێت لە پڕۆژەیاسای بودجە یان هەر پڕۆژەیاسایەکی دیکەدا گۆڕانکاری بکات.''
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، پڕۆسەی گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، بە مادەی 13 و 14ەشەوە تەواو یاساییە و لیژنەی دارایی و پەرلەمان دەسەڵاتیان هەیە کە گۆڕانکاری بکەن، ''ئامانجەکەشی ئەوەیە کە پڕۆژەیاساکە باشتر دابڕێژرێتەوە، تاوەکو هەموو بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی لە تێڕوانینی ئەندامانی لیژنەکەوە، تێیدا دەستەبەر بکرێن.''
 
نەرمین مەعرووف ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی پەرلەمان کارەکانی خۆی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە تەواو کردووە و تەنیا ماوە کۆی پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە و راپۆرتی کۆتاییش رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کە ''ئەگەر ئەمڕۆ هەینی نەبووایە، پڕۆسەکە تەواو دەکرا، بەڵام ئەو دانیشتنەی کۆتایی خراوەتە سەر لەبەیانی سبەی، بۆ ئەوەی ئەندامانی لیژنەکە واژۆ لەسەر راپۆرتی کۆتایی بکەن.'' 
 
لە کۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا، بڕگەیەک بۆ مادەى 14 زیاد کراوە ئەوەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت پەیوەست بێت بەوەى مانگانە 10%ى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بداتەوە و پەرلەمانتارەکە ئەوە لە ئاکامی هەوڵەکانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەبینێت.
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
نەرمین مەعرووف باسی لەوەشکرد، راستە بەبێ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، زیاتر لە 15 تریلیۆن و 150 ملیار دینارە، ''بەڵام ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی سیادی و حاکیمەش هەژمار بکرێت، ئەوە زیاتر لە 21 تریلیۆن دینار دەبێت، لەبەر ئەوەی نزیکەی چوار تریلیۆن دینار خەرجیی سیادی بۆ هەرێم لە پڕۆسەی نەوت و هێزەکانی پێشمەرگە دیاریکراوە و لە خەرجییەکانی حاکیمەشدا نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار و کەسر دیاریکراوە.''
 
 
نەرمین مەعرووف گوتیشی، پاسەوانی سنوور و لیوای 20 لە پڕۆژەیاسای بودجەدا وەک خۆی جێگیرکراون و هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا نەکراوە.
 
لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەک نەرمین مەعرووف دەڵێت، بڕیار لەسەر بڕگەیەکی دیکە دراوە کە ئەوانەی مووچە لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن و نیشتەجێی ناوچە کێشەلەسەرەکانن، مافی ئەوەیان هەیە بگوازرێنەوە بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی و لەوێ پلەی وەزیفییان بۆ دیاری بکرێت، کە بەشێکی زۆریان لە  کەرتی پەروەردەدا کار دەکەن.
 
پەرلەمانتارەکە پێیوایە، ئەگەر ئەوان بگەڕێنەوە سەر حکومەتی فیدراڵی، شوێنەکانیان چۆڵ دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت شوێنەکانیان پڕ بکاتەوە، ''ئەوەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خاوەن بڕوانامەکان لە هەرێمی کوردستان جێگەیان لە نێو میلاکاتی حکومەتی هەرێمدا بکرێتەوە.''
 
لە 25ی ئادارەوە دوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە، نەرمین مەعرووف جەخت لەوە دەکاتەوە، راگرتنی نەوت لەسەر خواستی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو سکاڵایە بووە کە  حکومەتی عێراقی کردوویەتی، ''هەر بۆیە ئێمە بەرپرسیار نین لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت.''
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، بەپێی پڕۆژەیاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو رۆژەوە کە نەوتی هەناردە نەکردووە، هەموو مافەکانی کەوتووەتە سەر حکومەتی فیدراڵی، ''ئەگەر چی رۆژی یەکی مانگی یەکی ئەمساڵ لە دەقەکەدا هاتووە، بەڵام بێگومان بۆ هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا کە خۆی نەوتی نەفرۆشتووە و مافەکانی کەوتووەتە لای حکومەتی فیدراڵی [هەژمار دەکرێت]."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە