رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى رایگەیاند، لێکتێگەیشتنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى "ئاوێنەى ئیرادەیەکى نیشتمانى راستگۆیانەیە" بۆ تێپەڕاندنى ناکۆکییەکان و دەشڵێت: "ئەوە بە نموونەیەک دادەنرێت کە دەکرێت پەناى بۆ ببرێت لە یەکلاکردنەوەى دۆسیە نیشتمانییەکان".
هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى پیرۆزبایی لە رێککەوتنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کرد لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى تورکیاوە.
خەمیس خەنجەر رایگەیاند: "ئەو لێکتێگەیشتنە ئاوێنەى ئیرادەیەکى نیشتمانى راستگۆیانەیە بۆ تێپەڕاندنى ناکۆکییەکان و هێنانەکایەى بنەماکانى هاوبەشى راستەقینە کە مافى هەموو عێراقییەکان بپارێزێت."
22ی ئەیلوول، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوانیان 230 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت.
سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى دەڵێت: "رێککەوتنەکە هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ بەهێزکردنى یەکێتیى ئابوورى و سیاسیی عێراق و ئاراستەکردنى پەیامێکى دڵنیاکەرەوەى نێوخۆیی و دەرەکى بەوەى کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دوو نموونەترین رێگەن بۆ چارەسەرى پرسە هەڵپەسێردراوەکان. ئەوە جگە لەوەى رۆڵ دەبینێت لە زیادکردنى داهات."
بڕیارە شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023 راگیرابوو.
خەمیس خەنجەر ستایشى ئەو هەوڵەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرکردایەتى هەرێمى کوردستانى کردووە و دەڵێت: "ئەوە بە نموونەیەک دادەنرێت کە دەکرێت پەناى بۆ ببرێت لە یەکلاکردنەوەى دۆسیە نیشتمانییەکان بە رۆحێکى بەرپرسیارێتى و هاوکارى."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ