پەرلەمانى عێراق هاوارکردن بەسەر دایک و باوک بە تاوان دەناسێنێت

27-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق هەموارێکى یاساى سزادانى عێراقى پەسەند کرد، کە هاوارکردن بەسەر دایک و باوک و بێڕێزیکردن بەرامبەریان بە "تاوان" دەناسێنێت. سزاکەشى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت.  
 
رۆژی 27ـی ئادارى 2024، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسایەکى بۆ هەموارى یاسای سزادانى عێراقى پەسەند کرد، کە تایبەتە بە شێوازى مامەڵەکردنى منداڵ لەگەڵ دایک و باوکیدا.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زۆرینەى پەرلەمانتاران دەنگیان بە پەسندکردنى ئەو هەموارە دا لە یاسای سزادانى عێراق بەو شێوەیەى کە هاتبوو، بەبێ ئەوەى دەستکارى بکرێت.
 
بەپێی ئەو هەموارە؛ گۆڕانکارى لە مادەى 384ـی یاسای سزادانى عێراقى کرا کە وەکو مادەیەکى دووبارە بە هەمان ژمارەوە بۆ یاساکە زیاد دەکرێت و لە دوو بڕگە پێکدێت.
 
بەگوێرەى هەموارەکە، هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات بە بێڕێزیکردن یان هاوارکردن بەسەریاندا، یان خۆبێبەریکردن، بەجێهێشتنیان یان هەر مامەڵەیەکى دیکەى لەو جۆرە، سزاى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.
 
بڕگەیەکى دیکەى ئەو هەموارە باس لەوە دەکات، دایک و باوک یان کەسێک کە لەڕووى یاساییەوە لەبرى ئەوان بێت یان هەر کەسێک کە ئاگادارى تاوانەکە بووبێت، دەتوانێت لەڕێگەى داواکارى گشتییەوە سکاڵا لەسەر ئەو تاوانە تۆمار بکات.
 
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەدا یاساکە لەدواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائعی عێراقى دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە .
 
ئەو هەموارەى یاساى سزادانى عێراقى لە 29-01-2024 لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، کە لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردرابوو.
 
هۆکارى ئەو هەموارکردنە بەستراوەتەوە بە رێگرى لە ئازاردانى دایک و باوک و مەترسی لەسەر سیستەمى کۆمەڵایەتى.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە