رووداو دیجیتاڵ
349 پارتی سیاسی لە عێراق تۆمارکراون و کۆمیسیۆن دەڵێت، تەنیا 56 پارت بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، بەشێکی پارتەکان لەنێویاندا بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی رێکارەکانی ئەوانەوە بەشداری ناکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە فەرمانگەکەیان 349 پارتی سیاسی تۆمارکراون و مافی هەموو بەشدارییەکی سیاسییان هەیە لە عێراقدا.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 56 پارتی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن. هەیمان تەحسین گوتی، "بەشێکی ئەو پارتە سیاسییانە خۆیان بەشداری ناکەن، زیاتر 60 پارتیشیان بەهۆی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە رێگەیان پێنادەین بەشداری بکەن."
لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان یەکێکە لەو پارتە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی نەبەستنی کۆنگرەوە رێگەی پێنادرێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، سێ پارتی دیکەش بە تۆمەتی نزیکبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتی و 9یان کۆتان. بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 31 هاوپەیمانێتی، 38 حیزب و 75 بەربژێری سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ