رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی شیعەی عێراق هۆشداری دەدات لەبارەی "سوپایەکی بەندکراوی داعش"، کە مەبەستی چەکدارە بەندکراوەکانی داعشە لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و دەڵێت: "عێراق لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارە".
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئەحمەد شەرع داوای رادەستکردنەوەی چەکدارانی داعشی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە کردووە.
باقر جەبر زوبەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئایندەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن رێککەوتنێک لە نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق هەیە، بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی کەمپەکانی هۆل و رۆژ، کە چەکدار و خێزانی داعشی تێدایە، بۆ ناو خاکی عێراق.
زوبەیدی باس لە گواستنەوەی 148 خێزانی داعشی دەکات، کە لە کەمپی هۆلەوە هێنراونەتەوە کەمپی جەدعە لە مووسڵ و دەشڵێت، لە ئایندەدا هەزاران چەکدار و خێزانی دیکە دەگوازرێنەوە.
بەگوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئایندەی عێراق، کە لە 2006 تاوەکو 2008 وەزیری ناوخۆی عێراق بووە "چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 2000 دەستبەسەرکراو لە چەکدارانی رێکخراوی داعشی عێراقی بۆ کەمپی جەدعە لە مووسڵ بگوازرێنەوە، جگە لەوەش 900 خێزان مانگانە لە کەمپی هۆل و 160 خێزان لە کەمپی رۆژ دەگوازرێنەوە."
زوبەیدی گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانە بە مەترسیی دەزانێت و دەڵێت: "ئەوەی دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات، ئەو بیروباوەڕە تووندڕەوییەیە کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە هێشتا هەڵگریین، بە تایبەت ژنان."
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئایندەی عێراق لەوەش نیگەرانە، کە زیاتر لە 9000 چەکداری داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتەوە هەن و لەژێر دەستی هێزەکانی هەسەدەدان. بە گوتەی ئەو، ئەمە "سوپایەکی بەندکراوی داعشە" و مەترسیی زیندووبوونەوەی ئەم رێکخراوە "تیرۆریستییە" لە ناوچەکەدا دەخاتەڕوو.
باقر جەبر زوبەیدی رەخنە لە هەڵوێستی وڵاتانی بیانی دەگرێت، کە چەکدارەکانی خۆیان وەرناگرنەوە و ئەمەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر عێراق، کە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە. داوا دەکات عێراق بە تەواوی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنەوەی دانیشتووانی کەمپەکان و هەوڵی لەباربردنی هەر هەوڵێک بدات، کە بیەوێت "تیرۆریستی ناوخۆیی" لە عێراقدا دروست بکات.
وەعد قەدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە رێکاری ئەمنی ورد و تایبەت چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان دەگوازێتەوە
قەدۆ دەڵێت، حکومەتی عێراق ئەو خێزانانەی کەمپی هۆڵ و چەکدارانی داعشی کە ئێستا لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدەدان، دەگوازێتەوە. دواتر بەپێی مەترسییان پۆلێنیان دەکات.
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی دەگوازێنەوە لە شوێنێکی تووندوتۆڵی ئەمنی دان.
بەگوتەی وەعد قەدۆ، مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) سەرۆکی دەستەی تەحریری شام ، ئەو چەکدارانە ئازاد بکات، چونکە زۆربەیان نزیکی ئەون. بە گوتەی وعد قەدۆ، شەرع داوای رادەستکردنەوەی ئەو چەکدارانەی لە هەسەدە کردووە، بەڵام هەسەدە ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری هۆشداری دا لە ئازادکردنی ئەو چەکدارانەی داعش و گوتی: "ئازادکردنیان هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ناوچەکە". بۆیە باشترە حکومەتی عێراق پێشوەخت بیانگوازێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق شەوی دووشەممە 27-01-2025، لە دامەزراوەی نارام سین بۆ دیالۆگ و پەرەپێدان لە کۆڕێکدا لەشاری بەغدا باسی کەمپی هۆلی کرد و گوتی، عێراق پرۆژەیەکی هەیە، ئەوانەی عێراقیین پەیتا پەیتا بهێنرێنەوە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ. ئەوە بەشەی پەیوەندی بە عێراقییەکانەوە هەیە چارەسەری بکەن، بەڵام بەشەکەی دیکە، کێشەیەکی گەورەیە، چونکە خەڵکی ناعێراقی و بیانی تێدایە، پەیوەندی بە وڵاتانی دیکەوە هەیە.
کەمپى هۆل لە سنووری شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستانە و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە. عێراق تائێستا زیاتر لە 10 هەزار کەسی لە کەمپەکە گەڕاندووەتەوە. دواى گەڕاندنەوەیان، ئەو کەسانە دەبرێنە کەمپى جەدعە لە باشووری شارى موسڵ بۆ ئەوەى ئامادە بکرێن تاوەکو بگەڕێندرێنەوە زێدى خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ