رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی رێکخراوى بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری رەتیدەکاتەوە پۆستی پارێزگاری دیالە بدرێتە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و دەڵێت، "پشکی رێکخراوی بەدرە و سازشی لەسەر ناکەین".
ئەبو میساق میسارى، سەرکردە لە رێکخراوى بەدر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، رۆژی چوارشەممە، 28ی شوباتی 2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییدا بڕیار دراوە پۆستی پارێزگاری دیالە بدرێتە دەوڵەتی یاسا، دوورن لە راستییەوە.
ئەبو میساق میسارى دەڵێت، "پۆستی پارێزگاری دیالە پشک و بەرکەوتەی رێکخراوی بەدرە و سازشی لەسەر ناکەین. موسەننا تەمیمی لە رێکخراوی بەدر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 43 هەزار دەنگی هێناوە و بەهێزترین بەربژێریشە بۆ ئەوەی ببێتەوە پۆستی پارێزگاری دیالە. لەگەڵ بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دانوستاندن و گفتوگۆداین بۆ ئەوەی موسەننا تەمیمی بە پارێزگار هەڵبژێردرێتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، ترکی جەدعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییدا بڕیاردراوە پۆستی پارێزگاری دیالە بدرێتە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا".
ئەبو میساق لەوبارەوە گوتی، "هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، ئەو کەسە (ترکی جدعان) رێگەپێدراو نییە ئەوە رابگەیێنێت. لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییدا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە. پۆستی پارێزگاری دیالە پشکی رێکخراوی بەدرە".
ترکی جەدعانش دەڵێت، "رێکخراوی بەدر دوو پۆستی پارێزگاری هەیە و چاوی لە سێیەمە؛ رێککەوتن کراوە پۆستی پارێزگاری دیالە بدرێتە دەوڵەتی یاسا و سیڤی 4-5 بەربژێریان پێشکێشکردووە بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە".
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ترکی جدعان دەڵێت، ناکۆکیی سوننە-سوننە لەبارەی پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەردەوامە و دەکرێت عومەر کروی و نزار لهێبی لەنێوان خۆیان بسازێن یان لە نێو دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئەو پۆستە یەکلایی دەکرێتەوە.
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالەدا نزار لهێبی 8 دەنگ و عومەر کروی 7 دەنگی هێنا، ئەوە لەکاتێکدایە براوە پێویستی بە 9 دەنگە؛ بۆیە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە کراوەیی ماوەتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە
- هاوپەیمانیی دیالەی نیشتمانی (شیعە) 4 کورسی
- هاوپەیمانیی تەقەدووم (سوننە) 3 کورسی
- هاوپەیمانیی سەروەری (سوننە) 3 کورسی
- ئیستحقاق دیالە (شیعە) 2 کورسی
- هاوپەیمانیی عەزم (سوننە) 1 کورسی
- هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی (شیعە) 1 کورسی
- یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان 1 کورسی
بە کۆی گشتی شیعە 7 کورسی، سوننە 7 کورسی و کورد کورسییەکی ئەنجوومەنەکەیان هێناوە.
پۆستی پارێزگاری دیالە بۆ لایەنە شیعەکانە، بەڵام لەنێوخۆیاندا لەسەر بەربژێرێک بۆ ئەو پۆستە ناکۆکن، بەتایبەتی رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەوەش یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستەی دواخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ