ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: ئەمساڵ زیاتر لە 111 ملیار دینار قەرزی نیشتەجێبوون خەرجکراوە

28-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، سندوقی نیشتەجێبوون لە پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان بەردەوامە و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 111 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە خەرجکردووە. 
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 28-04-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سندووقی نیشتەجێبوون بەردەوامە لە وردبینیی ئەو مامەڵانەی کە لە رێگەی ماڵپەڕی دەروازەی "ئور"ی ئەلیکترۆنییەوە پێشکێش کراون، بە مەبەستی پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان بۆ دروستکردنی خانوو یان زیادکردنی بینا، ئەمەش بەپێی ئەو رێنمایی و پێوەرانەی بۆ شایستەترین کەسەکان دانراون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2025، زیاتر لە 7200 مامەڵە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پەسندکراون. هەروەها پارە بۆ 6182 مامەڵە خەرجکراوە کە کۆی گشتییەکەی زیاتر لە 111 ملیار دیناری عێراقییە."
 
سەبارەت بە گرنگیی قەرزەکان، نەبیل سەفار گوتی: "ئەم قەرزانە یارمەتیدەرن بۆ هاووڵاتیان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بەتایبەت لە کاتێکدا وڵات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی نیشتەجێبوون بووەتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکە دەگاتە 60 ملیۆن دینار".
 
 نەبیل سەفار، میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت، پێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە زیاتر خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەن و زیادکردنی تێدا دەکەن؛ هەروەها پێشینە بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندارەکان و ئەو کەسانە دەبێت تەمەنیان سەروو 51 ساڵە و چوار منداڵ یان زیاتریان هەیە. قەرزەکە بە سێ بەش دەدرێت و بە 15 ساڵ دەدرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە