فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی: جەنگ بەرەو عێراق دێت

28-08-2025
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی ئاشکرای دەکات کە لەژێر گوشاری ئەمریکا پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشێندراوەتەوە و دەڵێت: ناتوانین یاساکە بەسەر ئیدارەی ئەمریکا بسەپێنین، چونکە مەترسیی هەیە واشنتن سزای ئابووری بەسەر بەغدا بسەپێنێت و پێویستە یاساکە بە لێکتێگەیشتنی نێوخۆیی و دەرەکی تێبپەڕێندێت.
 
د. عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی لیوایەکی حەشدی شەعبی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: پێویستە یاسای حەشدی شەعبی لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، چونکە لە نێوخۆی عێراق و لە دەرەوە هەندێک لایەن دژی یاسای حەشدی شەعبین و پێویستە روونکردنەوەیان پێبدرێت و بە لێکتێگەیشتن یاساکە تێبپەڕێت.
 
گوتیشی: حەشدی شەعبی مافی خۆیەتی یاسای تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە تاوەکو ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق نەیتوانیوە سەردانی ئەمریکا بکات و واشنتن لەوە تێبگەیەنێت کە حەشدی شەعبی سەر بە ئێران نییە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق لە دۆڵێکە و حەشدی شەعبی لە دۆڵێکی دیکە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی جەزائیری باسی لە مەترسیداریی تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا کرد و گوتی: ئێمە ناتوانین رووبەڕووی ئەمریکا ببینەوە و کاردانەوەی ئەمریکاش بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەم قۆناخە کاردانەوەی ئابووری دەبێت، چونکە داهات و دارایی عێراق بە تەواوی پشتبەستووە بە نەوت و پارەی نەوتی عێراقیش لە ئەمریکاوە دێتەوە، هەر سزا و گرفتێک زیانی ئابووری گەورە بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت.
 
"مەترسیی جەنگ لەسەر عێراق"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، فەرماندەکەی حەشدی شەعبی باسی کاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر عێراق کرد و گوتی: ئەگەر ئەمجارە شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات پریشک و کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت و دەڵێت: "ئێستا جەنگ بەرەو عێراق دێت."
 
گوتیشی: بەڵگەمان هەیە کە ژمارەیەک چەکداریی بیانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئیدلب لە سووریا کۆکراونەتەوە و لە ئەگەری پشێوی و تێکچوونی دۆخی عێراق بەرەو عێراق دێن، واتا جارێکی دیکە داعش دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.
 
"بەڵگەمان هەیە چەکدارانی بیانی کارتی نیشتمانیی و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقییان بۆ دروستکراوە و لە چەند رۆژی رابردووش چەند چەکدارێکی بە بنەچە سووری لە عێراق دەستگیرکراون کە کارتی نیشتمانیی عێراقی ساختەیان بۆ دروستکرابوو." عەبدولڕەحمان جەزائیری وای گوت.
 
گوتیشی: لێکتێگەیشتنێک لەنێوان بەغدا و دیمەشق هەیە کە هیچ لایەنێکیان دەستوەردان لە کاروباری یەکدی نەکەن و لە ئایندەشدا چەند سەردان و کۆبوونەوەیەکی سیاسیی و ئەمنی لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات دەبێت تاوەکو رێککەوتنێکی بەهێز و گشتگیر ئەنجام بدرێت.
 
ئەو گوتانەی د. عەبدولڕەحمان جەزائیری دوای ئەوەهات رۆژی چوارشەممە ( 27ی ئابی 2025) ئیبراهیم دلێمی، راوێژکاری یاسایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سوودانی بە ئەندامانی چوارچێوەکەی گوتووە، ئەگەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەکشێنینەوە، رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا دەبینەوە و عێراق وێران دەبێت."
 
بە گوتەی دلێمی لەو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، "بڕیاری کشاندنەوەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دراوە."
 
حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان پێکهێندرا و بودجەکە بۆ ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کەسە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە