رووداو دیجیتاڵ
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و یەکێک لەوانەی وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوی دەهێندرێت، رایدەگەیێنێت، ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەز دەکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق بێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کام کەسایەتی بۆ پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بە گونجاو دەزانێت، ئەسعەد عیدانی گوتی، "ئەگەر ببمە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەز دەکەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق بێت و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بێت."
عیدانی جەختی لە پەیوەندییە "باشەکان"ی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆستمە. پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نایابن. بافڵ تاڵەبانی دۆستمە، هەروەها برام نێچیرڤان بارزانی دۆستمە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆستمە."
ئەسعەد عەبدولئەمیر عەبدولغەفار عیدانی، ئێستا پارێزگاری بەسرەیە و بەربژێری ژمارە 1ی هاوپەیمانیی "تەسمیم"ە لە پارێزگای بەسرە. ئەم هاوپەیمانییە خۆجێییە، کە تایبەتە بە پارێزگای بەسرە، بە 50 بەربژێرەوە لەو پارێزگایەدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشدارە.
هاوپەیمانیی تەسمیم لە پەرلەمانی عێراقدا 7 کورسی هەیە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، ئەم هاوپەیمانییە لە پارێزگای بەسرە 12 کورسی لە کۆی 23 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا، کە 1 کورسییان پشکی (کۆتای) کریستیانەکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ