سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێ، هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری سیاسیی وڵاتدا رەتدەکەنەوە و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و بڕیارە نێوخۆییەکان تەنیا مافی عێراقییەکانە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026،  سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەک وەڵامێک بۆ هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رەتکردنەوەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: "کێشە و پرسە نێوخۆییەکانی عێراق، پرسێکی سەروەریی رەهای وڵاتن و تەنیا عێراقییەکان خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ویستی ئازادی خۆیان و لە چوارچێوەی دەستوور و سیستمی دیموکراسیدا."
 
سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوە کردووە: "رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەدەچێ، کە تێیدا عێراقییەکان و هێزە سیاسییە براوەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان تێدا کرد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەنگدانەوەی بژاردەکانی گەلە."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێ، عێراق سوورە لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ و دەڵێت: "سیاسەتی ئێمە لەسەر بنەمای کرانەوە و هاوکاریی ئەرێنی لەگەڵ هەموو دەوڵەتانە، بە جۆرێک پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی بن."
 
راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار دوای ئەوە دێت کە 27ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

تائێستا مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی مەدەنی لە عێراق دابەش نەکراوە

تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەرانی مەدەنی لە عێراق دابەش نەکراوە، بەڵام دوو پەرلەمانتار دڵنیایی دەدەن رێکارەکان تەواو بوون و "ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات."