رووداو دیجیتاڵ
دوای 37 ساڵ لە هەوڵی رژێمی بەعس بۆ شوێنبزرکردنی شارێک بە ناوی هەڵەبجەوە، لە نێو جەرگەی حکومەتی عێراق، بە واژۆی سەرۆککۆمار، یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە مۆری کۆتایی لێدرا.
ئەگەر تاوەکو دوێنێ، کاتی کوشتن و جینۆسایدی ئەو شارە کوردە قوربانیدەرە بووبێت، ئەمڕۆ لە 29ـی نیسان، تاقانە و کەسوکاری کیمیاباران، پارێزگارە ژنەکەی و نوێنەرانی پایتەختی ئاشتی، بە جلی شایی و خۆشی، چاوەڕێی نیوەڕۆ بوون، تاوەکو خۆری لەدایکبوونی پێنجەم پارێزگای باشووری کوردستان بە چاوی خۆیان ببینن.
هاوڕێ تۆفیق، بەرێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "11:35 ئەو چرکەساتە تراژیدیایەیە کە لە 1988-3-16 کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید کرا، بەڵام ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماری لە کاژمێر 11:35 ئیمزا لەسەر دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید کرا. لە رێوڕەسمەکەدا جەنابی پارێزگار و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانیش ئامادەبوون."
ئەو پێنووسەی سەرۆککۆمار واژۆکەی پێکرد، هاشێوەی پێنووسەکەی نێچیرڤان بارزانی کرایە دیاری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و لەوێ نیماش دەکرێن.
نوخشە ناسح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە دوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گوتی، "ئێمە وەکو ئیدارەی پارێزگاری هەڵەبجە، ئێستا هەنگاوی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکەمان زیاتر دەبێت لەبەرئەوەی وەکو پارێزگایەکی نوێی حکومەتی فیدراڵی پێویستیمان بە بووژانەوە و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە."
پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە دەشڵێت، "ئەمڕۆ جەنابی سەرۆککۆمار گوتی ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرنادەین لە پارێزگای هەڵەبجە هەموویان وەکو یەک تیم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هاوکار بوون بۆ بووژانەوەی پارێزگای هەڵەبجە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014 بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکرد، رۆژی 14-4-2025، دوای نزیکەی یەک دەیە پشتگوێخستنی داوای هەڵەبجەییەکان، دواجار بە گوشاری نوێنەرانی کورد لە بەغدا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی تێپەڕاند.
ئەگەر رۆژێک لە رۆژان لەبەغداوە واژۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کرابێت، ئەمڕۆ واژۆی بەپارێزگابوونی بەفەرمی دەکرێت، ئێستا فەرشی سوور لەبەغداوە بۆ پارێزگاری هەڵەبجە رادەخرێت.
هەڵەبجەییەکان چاویان لەوەیە حکومەتی عێراقی لە قۆناخی داهاتوو هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بودجە بۆ هەڵەبجە دابین بکات و قۆناخی گەشەکردن و گەشانەوەی هەڵەبجە دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ