رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرخ لێکۆڵینەوە لە تۆمارێکی دەنگیی دەکات، کە دراوەتە پاڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری "سیادە".
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ، رێکاری لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، سەبارەت بە کەیسی تۆمارێکی دەنگی کە دراوەتە پاڵ خەمیس خەنجەر. "گوتەی پێچەوانەی یاسایی تێدایە."
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی "سیادە"، بە یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی عەرەبی سوننە لە عێراق دادەنرێت.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی داوای لە هەردوو پەرلەمانتار، محەممەد جاسم خەفاجی و ئەمیر رەزاق عەجلان، وەرگرتبوو، بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، تۆمارێکی دەنگی بەناوی خەمیس خەنجەر بڵاوبووەوە، تێیدا هێرشی تووند دەکاتە سەر سیستمی سیاسیی عێراق و باس لەوە دەکات لە دوای 2003ـوە سیستمێکی تائیفی سیاسیی دروستکراوە نەک دەوڵەتێکی راستەقینە.
خەمیس خەنجەر هۆشداریش لە کۆنترۆڵی میلیشیاکان دەدات بەسەر جومگەکانی ئاسایش، ئابووری، دادگە و خوێندن و داوای دووبارە هاوسەنگیی سیاسی دەکات بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیریی عێراق.
تۆمارە دەنگییەکە کاردانەوەی بەشێک لەلایەنە شیعەکانی لێکەوتەوە، بەڵام هاوپەیمانی سیادە بە راگەیێندراوی فەرمی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە هەڵبەستراو وەسفی کرد.
هاوپەیمانی سیادە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد، لێکۆڵیینەوە لە سەرچاوەی ئەو دزەکردنە بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو میدیایە دەدەنە دادگە کە ئەو دەنگەی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ