رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەرج بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق دادەنێن، لەناو لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەش تەنیا نەوەی نوێ ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی عێراق دەربڕیوە و بەڵێنی "چارەسەرکردنی کێشەکان" بە دەنگدەرانی دەدات.
هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی لە ئێستاوە خۆیان ئامادە دەکەن "بە هێز و سەنگی زیاترەوە" بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن، چەند خاڵێک وەک مەرجی بەشداریکردن دیاری دەکەن.
پارتی و یەکێتی تاکە دوو حیزبی هەرێمی کوردستان بوون لەچوارچێوەی "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" بەشدارییان لە پێکهێنانی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی کرد، ئێستا ئەوان ئامادەی بەشداریکردنن لە حکومەتی داهاتوو، بەڵام بە مەرج.
لەناو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن تەنیا نەوەی نوێ ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت رانەگەیاندووە.
مەرجی پارتی جێبەجێکردنی دەستوورە
پارتی دیموکراتی کوردستان دروشمی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانی" کردووەتە ناونیشانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووش جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو دروشمانە دەکاتەوە.
ئەشواق جاف، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو جێبەجێکردنی دەستوور و مادە دەستوورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانە".
پرسی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستاش خاڵێکی ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە، وەکو ئەشواق جاف دەڵێ: "ئەوانە بەشێکی دیکەن لە مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەبێت حکومەتی داهاتوو ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بدات".
رۆژی سێشەممە 28-10-2025 سەرۆک بارزانی لە دهۆک رایگەیاند: "با دەستوور ببێتە دادوەر لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر دەستوور دادوەر بێ هیچ کێشەیەک نامێنێ، بەڵام ئەگەر میزاجی شەخسی بڕیاربدات، کێشەکان دەمێنن و گەورەتر دەبن.''
حکومەتەکانی رابردووی عێراق لە کارنامەکانیاندا چەندین خاڵی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیان جێکردووتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکیان جێبەجێ نەکراون.
بە گوتەی سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو کارنامانەی رابردوو بەشێکی دیکەن لە مەرج و داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناویاندا مادەی 140 و دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى ئێستای عێراق، کە لە 27ـی تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، دەبوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکرێت بۆ ئەوەى پەرلەمان دەنگى لەسەر بدات.
18ساڵە رەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە تاوەکو ئێستا یاساکە دەرنەکراوە و کورد بۆ تێپەڕاندنی یاساکە چاوی لە خولی نوێیە.
رێبوار هادی، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند مەرجێکمان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو عێراق دەبێت، یەکێکیان دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە."
بەربژێرەکەی پارتی پێی وایە، "ئەگەر دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز بەشێک نەبێت لە کارنامەی حکومەتی داهاتوو، حکومەت پابەند نەکرێت بە ناردنی پڕۆژەیاساکە و جێبەجێکردنی، پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری ئەو حکومەتە ناکات."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەکەیدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی: "کارکردنی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بەپێی مادەی 111 و 112ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ" داوە کە یەکەم رەشنووسی لە ساڵی 2007ـەوە ئامادەکراوە.
هاوبەشی مەرجی یەکێتییە
هەرێم کەمال ئاغا، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوای یەکێتی ئەوەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، یەکێتیی کێشەی پۆستی نییە، بەڵکو کێشەی هاوبەشیی راستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە بڕیاری سیاسی و ئابووریدا هاوبەش بێت."
لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا دەڵێ: "سەرکردایەتیی یەکێتی تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لەوەی لە حکومەتی داهاتووی عێراق هاوبەشێکی راستەقینە دەبێت، بەشداریی حکومەت ناکات."
غەریب ئەحمەد، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "جێبەجێکردنی ئەو یاسانەی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەردەچن بەشێکی سەرەکی مەرجەکانی یەکێتی دەبن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. "
ئەو بەربژێرەی یەکێتیی رایگەیاند، "راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و هاوبەشی راستەقینە لەگەڵ بەغدا بەشێک دەبێت لە داواکارییەکانی یەکێتی بۆ حکومەتی داهاتوو لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارنامەکەیدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مەبەستییەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و سازان و لێکتێگەیشتنی نیشتمانییانە کێشەکان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات و بگاتە دەرئەنجامی کۆتایی لەسەر پرس و شایستە داراییەکانی تایبەت بە مووچەخۆران.
نەوەی نوێ هیچ مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت رانەگەیاندووە
جووڵانەوەی نەوەی نوێ تاکە هێزی سیاسی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق راگەیاندووە.
جووڵانەوەکە تاوەکو ئێستا هیچ مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو رانەگەیاندووە. لەو کارنامەیەی لەبارەی بەشداریکردن لە حکومەتیش بڵاویکردوەتەوە هیچ خاڵێکی وەک مەرج دیاریی نەکردووە.
نەوەی نوێ تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین."
کورد و حکومەتەکانی رابردوو
دوای ساڵی 2003، پارتی و یەکێتی بە نوێنەرایەتیی کورد بەشداریی سەرجەم کابینەکانی حکومەتی عێراقیان کردووە و ئێستاش ئامادەیی بەشداریکردنن لە حکومەتی داهاتوو.
نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو چەندین بابەتیان وەکو داواکاری کورد لە کارنامەی حکومەتەکاندا جێکردووەتەوە، بەڵام بەشێکیان تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراون.
جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی یاسای نەوت و گاز و هاوبەشی راستەقینە لە عێراقدا لەو سێ بابەتە سەرەکییەن کورد داوای جێبەجێکردنیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ