رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت: حکومەتی عێراق سەرەداوی گرنگی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەستکەوتووە. دەشڵێت، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەولێر و بەغدا پێویستیان بە لێکتێگەیشتنێکی نوێیە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
شەوی چوارشەممە 30-07-2025 هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد گوتی: "هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان مەترسیی لەسەر عێراق دروست کردووە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش سەرەداوی گرنگ دەست حکومەتی فیدراڵی کەوتوون."
هاوڕێ تۆفیق گوتیشی، "حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار و هەموو دامەزراوەکان ئەو هێرشە درۆنییانە بۆ سەر کێڵگەی نەوت و ژێرخانەکانی هەرێمی کوردستان بە هێرش و زیانگەیاندن بە عێراق دەزانن و چاوپۆشی لە هیچ لایەنێک ناکرێت ئەگەر لە لێکۆڵینەوەکان بسەلمێت کە دەستی لەم هێرشانەدا هەبووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە بەغدا کۆبوونەوە، دۆخی گشتیی وڵات، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی دۆسییە کارگێڕی و داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوەتەوە، بەجۆرێک کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا بێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام مسۆگەر بکات.
"لێکتێگەیشتنی نوێ"
هاوڕێ تۆفیق، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد و گوتی: ئێستا بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە و هەولێر ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدراوە، هەربۆیە پێویستیان بە لێکتێگەیشتنی نوێ هەیە لانیکەم بۆ ماوەی یەک مانگ تاوەکو مووچە رانەگیرێت و هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی جاران."
بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، یەکەمیان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی دووەم بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت ئێستا ئەو بڕە نەوتەی نییە.
هاوڕێ تۆفیق گوتی: "تاوەکو ئێستا بەغدا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەنواندووە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆسپە دەکات، لەکاتێکدا ئێستا لە بەغدا بۆچوونی جیاواز لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان دروستبووە و پێویستە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ ئەم کۆسپ و بەربەستە تێبپەڕێندرێت."
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەرهەم دێت و ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە"، بەڵام لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردەست چەندە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی توانای نەوتی و مەترسیی هێرشە درۆنییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر ئەم هێرشە درۆنییانە کۆتاییان پێنەهێندرێت و رێگرییان لێنەکرێت، کۆمپانیا نەوتییەکان هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن، ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورە دەبێت لەسەر سێکتەری نەوتی هەرێمی کوردستان و سامانی نەوتی عێراق." گوتیشی: "ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگریی لەو هێرشانە بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ