خاچی سووری نێودەوڵەتی: ئەم ساڵ زیاتر لە 600 بێسەروشوێنبوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

30-08-2024
پەیمان محەممەد
ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی
ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵیت، ئەم ساڵ ناوی 600 بێسەروشوێنبوویان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.
 
ئەمڕۆ هەینی 30-08-2024، ئەڤین یاسین، بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناوی زیاتر لە 600 بێسەروشوێنبوو تۆمار کراون. تاوەکو ئێستا چارەنووسی 208 کەسمان یەکلایی کردووەتەوە".
 
ئەڤین یاسین گوتی، خاچی سوور زیاتر لە 150 ساڵە لە جیهاندا کار لەسەر دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان دەکات و رایگەیاند، ''کاتێک کەسێک سۆراخی نامێنێت و خێزانەکەی سەردانی ئێمە دەکات، دۆسیەیەکی بۆ دەکرێتەوە و ئیدی وەک بێسەروشوێنبوو هەژمار دەکرێت''. 
 
عێراق لەو وڵاتانەیە ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنبووی تێدایە. بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی گوتی، ''تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێک نییە کە بە وردی زانیاریمان لەسەر ژمارەی دروستی بێسەروشوێنبووان بداتێ، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر زۆربوونی ژمارەیان هەبووە''. 
 
بەگوتەی ئەڤین یاسین، بۆ کردنەوەی دۆسیەی بێسەروشوێنبووان، دەبێ کەسوکاری یەکەم وەک دایک، باوک، خوشک و برا سەردانی نووسینگەکانی خاچی سوور بکەن بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بکرێت و ''دواتر دۆسیەکان لای ئێمە بە کراوەیی دەمێننەوە و تاوەکو یەکلاییبوونەوەی چارەنووسیان داناخرێن''.
 
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی بەدواداگەڕانیان لە سەرانسەری عێراق هەیە و بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان سەردانی زیندانەکانیش دەکەن.
 
 ئەو بەرپرسەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور گوتی، ''کەسوکاری بێسەروشوێنبووان بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان دەتوانن سەردانی نووسینگەکانمان بکەن یان لە رێگەی ژمارەی بێبەرامبەری 80022222 پەیوەندیمان پێوە بکەن و کاتی چاوپێکەوتنیان بۆ دیاری دەکرێت''. 
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند کە تاوەکو ئێستاش نزیکەی سێ هەزاریان بێسەروشوێنن. ئەڤین یاسین دەڵێت، ''دۆسیەی ئەوان زۆر ئاڵۆزە و دۆخیان خراپە، چونکە سەرەڕای ئەوەی کەسوکاریان بێسەروشوێنە، خۆشیان ئاوارەن".  
 
ئەڤین یاسین گوتیشی، ''ئێستا لە کامپەکانی شاریا و خانکێ، هاوکاریی ئاوارە ئێزدییەکان دەکەین و ناوی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن تۆمارکراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە''؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ''یاوەری''دا لەو دوو کامپە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی پزیشکی دەروونییان بۆ ئاوارەکان دابین کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتریان لە بواری دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە پێشکێش بکەن".
 
شەڕی ئێران و عێراق کە هەشت ساڵی خایاند، لەو رووداوانە بوو کە زۆرترین بێسەروشوێنبووی لێکەوتەوە. بەگوتەی بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی لقی عێراقی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ژمارەیەک لە بێسەروشوێنبووانی ئەو شەڕە لە رێگەی دۆزینەوەی رووفاتەکانەوە کراوە؛ گوتیشی، ساڵی رابردوو نزیکەی 124 رووفات لەنێوان ئێران و عێراق ئاڵوگۆڕکران، بەڵام ئەم ساڵ هیچ رووفاتێک لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەگۆڕدراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ 30ـی ئاب رۆژی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیە. بەپێی ئاماری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە عێراقدا لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس لەساڵی 1968ـەوە بێسەروشوێنکراون.
 
بێسەروشوێنکردن لە عێراق لە چەندین قۆناخدا روویداوە و کراوە؛ قۆناخی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 1968 تاوەکو 2003 لەنێویاندا شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، جەنگی ئێران و عێراق لە ساڵی 1981 تاوەکو 1988، ئەو قۆناخەی کە رێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا تووندوتیژی زۆری کرد (2005-2007)، قۆناخی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی عێراق لە لایەن رێکخراوی داعش (2014 تاوەکو 2017).

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە