بانگەشەی هەڵبژاردن لە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە قەدەخەیە

30-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە فێستیڤاڵەکەدا قەدەخەکراوە؛ هەر بەربژێرێک بانگەشە بکات وەکو سەرپێچی تۆمار دەکرێت و دەدرێتە کۆمیسیۆن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەم ساڵ 11ـەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، ئامادەکارییەکان لەلایەن لیژنەیەکی باڵای چوار کەسییەوە سەرپەرشتی کراون. بەهۆی فێستیڤاڵەکەوە رۆژی پێنجشەممە لە هەڵەبجە کراوەتە پشووی فەرمیی و بڕیارە فێستیڤاڵەکە دوو رۆژی دیکەش بەردەوام بێ.
 
سمکۆ ساڵح، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن، بانگەشە لە پارک، کڵێسا، مزگەوت و هەموو دامەزراوەکانی حکومەت قەدەخەیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە لەم فێستیڤاڵەدا بانگەشەی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن بکرێت."
 
بە گوتەی سمکۆ ساڵح، دەبێت فێستیڤاڵەکە بێلایەن و سەربەخۆ بێت تاوەکو هەموو کەسێک بتوانێت سەردانی بکات، چونکە گشتییە بۆ هەموو خەڵکە، بۆ هەر چوارپارچەی کوردستانە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.
 
لەبارەی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "لەلایەن لێژنە ئەمنییەکانەوە بەردەوام چاودێریی فێستیڤاڵەکە دەکرێت، ئەگەر بەربژێر لەوێ بانگەشە بکات، دەدرێتە کۆمیسیۆن؛ ئەگەر هاووڵاتییش بن، ئەو لایەنە بەرپرسە بانگەشەی بۆ دەکەن."
 
لە فێستیڤاڵەکەدا، لە 650 دووکاندا، هەنار و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکان و کاری دەستی خراونەتەڕوو، کە 250 دووکانیان تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار و بەرهەمە پاییزییەکانی دیکە.
 
ساڵی رابردوو لە 31ی مانگی 10، فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەڕێوەچوو و سێ رۆژی خایاند. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
 
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، رۆژی شەممە 8-11-2025 بانگەشە کۆتایی دێت، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە دەچنە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا. دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.