رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بێسەروشوێنان لە فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق ئاشکرای دەکات، تەنیا لە ساڵی 2025دا لە بەغدا، 281 تەرم کە کەسوکاریان دیار نەبووە گەیێندراونەتە لای ئەوان. دەشڵێت، "ئێستا 46 بڕوانامەی مردن لای ئێمەن و چاوەڕێی کەسوکاریان دەکەین."
دکتۆر زەینەب ئەدیب، بەڕێوەبەری بەشی بێسەروشوێنان لە دادپزیشکیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە ئاماری نوێی ئەو تەرمانە بڵاودەکەینەوە کە دوای مردنیان کەسوکاریان سۆراخیان نەکردوون، لە ساڵی 2025دا 281 تەرم گەیێندراونەتە دادپزیشکی بۆ توێکاری، تاوەکو ئێستاش 46 بڕوانامەی مردن لە لای ئێمە ماونەتەوە و بەشێکی کەمی ئەو 46 کەسە هێشتا بەخاک نەسپێردراون."
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانە و چۆنیەتی گەیشتنیان بە دادپزیشکی، دکتۆر زەینەب ئەدیب گوتی: "ئەو تەرمانە لەڕێگەی پۆلیسەوە دەگەنە لای ئێمە، پۆلیس بە گوێرەی ئەو ناسنامەیەی کەسەکە پێیەتی، فۆڕمی توێکارییەکەی بۆ پڕدەکاتەوە، زۆربەی حاڵەتەکانیش بەهۆی مردنی لەناکاو بووە لەسەر شەقامەکان، یان رووداوی هاتووچۆ کە کەسیان لەگەڵ نەبووە."
لەبارەی بوونی تەرمی منداڵی ساواوە، بەڕێوەبەری بەشی بێسەروشوێنان دەڵێت: "لەناو ئەو 46 تەرمەی ئێستا لامانە، سێ تەرمی منداڵی تازە لەدایکبووی تێدایە، کەسوکاریان دیار نییە و لە نەخۆشخانەکانەوە لەڕێگەی پۆلیسەوە هێنراونەتە لای ئێمە."
لەبارەی رێکارەکانی بەخاکسپاردنی ئەو تەرمانەی کە کەسوکاریان نییە، دکتۆر زەینەب ئەدیب ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەک دادپزیشکی ماوەی مانگێک تاوەکو دوو مانگ و نیو چاوەڕێ دەکەن و تەرمەکان نانێژن، بەڵام دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە شارەوانیی بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەست دەکرێت بە ناشتنیان.
بەڕێوەبەری بەشی بێسەروشوێنان داوا لەو خێزانانە دەکات کە کەسێکیان بێسەروشوێنە، سەردانیان بکەن و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پێش ئەوەی تەرمەکان بنێژرێن، کەسوکارەکانیان بێن، چونکە هەندێک خێزان هەر بە ئومێدی گەڕانەوەی ئازیزەکانیانن و رەنگە نەزانن مردووە، دەمانەوێت خۆیان بیبەنەوە و لەو شوێنەی ئارەزووی دەکەن بینێژن، چونکە رێکارە یاساییەکانی دوای ناشتن بۆ دەرهێنانەوەی تەرم زۆر ئاڵۆزن."
بەگوێرەی ئامارەکەی داد پزیشکی عێراق کە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو تەرمانەی کەسوکاریان دیارنین، 46 تەرمە، 34 یان نێر و 12ـیان مێ-ن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ