221 خێزانی دیکەی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە

31-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ژمارەیەکی دیکە لە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو 221 خێزانی عێراق کە 830 کەسن، لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە و لە کەمپی جەدعە لە باشووری شاری موسڵ جێگیر دەکرێن.
  
بە گوتەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە کەمپەکەوە گەڕێندراونەتەوە و نزیکەی 15 هەزاری دیکە ماون بگەڕێندرێنەوە.
 
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق گوتی، کەسانی گەڕاوە دوای شیاندنەوەیان لەو کەمپە، دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
 
کەمپی جەدعە کە پێیشی دەگوترێت کەمپی (هیوا) دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. کەمپەکە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە