هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات رادەستکردنی داهات لەسەر بنەمای 50٪ـی داهاتی فیدراڵی بێت

31-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی نوێی هەیە بۆ رادەستکردنی داهات، ئەویش لەسەر بنەمای 50%ی داهاتە فیدراڵییەکان بێت، کە پێشبینی دەکرێت بڕەکەی لەو 120 ملیار دینارە کەمتر بێت کە بۆ مانگەکانى ئایار و حوزەیران دیاری کراوە. هاوکات کۆمپانیاکانی نەوت وەڵامی خۆیان لەبارەی پێشنیازێکی حکومەت داوەتەوە سەبارەت بە چارەنووسی شایستە داراییەکانی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ تەرخان دەکرێت.
 
پێشنیازی نوێ بۆ رادەستکردنی داهات
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تیمێکی هاوبەشەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، تاوتوێی شێوازی جیاکردنەوەی پشکی بەغدا لە داهاتە نانەوتییەکان دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پێشنیازەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای 50%ی ئەو داهاتانەیە کە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق بە "داهاتی فیدراڵی" هەژمار دەکرێن، نەک 50%ی تەواوی داهاتەکانی ناوخۆ.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30ی تەممووز، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوە داوە کە نوێنەرەکانیان لە لیژنەی هاوبەشی هەردوولا بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، هاوکار بوون و پشتبەست بە دەستوور، یاسای کارگێڕیی دارایی و یاسای بودجەی سێ ساڵە، پێشنیازی هەرێمی کوردستانیان لەو بارەیەوە ئامادە کردووە.
 
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشت بە مادەی 29ی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی 2019 دەبەستێت، کە تێیدا هاتووە 50%ی داهاتی رسومات و باجی فیدراڵی لەو فەرمانگانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن، بۆ پارێزگاکان دەبێت.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو داهاتانەی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کردوون کە نیوەی رادەستی بەغدا بکرێت، تایبەتە بە داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەکان، وەک هەندێک جۆری باج و گومرگ، داهاتی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان، پاسپۆرت و رەگەزنامە. بەوپێیە، بڕی داهاتی رادەستکراو بەگوێرەی پێشنیازەکە کەمتر دەبێت لەو 120 ملیار دینارەی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران دیاریکراوە و ئەگەری هەیە نزیکەی 70 ملیار دینار بێت."
 
بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان هەولێر و بەغدا کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 17ی تەممووز پەسندی کرد، تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا پێکدەهێنرێت بەمەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئەگەر هیچ بەربەستێک نەیەتە پێش، هەفتەی داهاتوو نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەو تیمە هاوبەشەدا سەردانی بەغدا دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پرسی رادەستکردنی داهات و بڕەکەی."
 
نەوت، گرێ سەرەکییەکە
 
پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاوەکو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە. گفتوگۆکان لەبارەی ئەوەیە کە ئایا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەست بکرێت یان ئەو بڕەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە 280 هەزار بەرمیلە (50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ و ئەوی دیکەی بۆ هەناردەکردن).
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت: "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە فەرمی وەزارەتی دارایی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی رادەستنەکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن، پێشێلکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە."
 
بڕیارە هەنگاوی یەکەم بە رادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ دەستپێبکات. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی 30ی تەممووزدا بڕیاری دا بەرپرسیارێتیی دابینکردنی تێچووی ئەو بڕە نەوتە بدرێتە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و ئەو بڕە نەوتەش کە بۆ هەناردەکردن ئامادەیە، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 29ـی تەممووز پێشنیازێکی داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت لەبارەی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە و شایستە داراییەکەیان، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت (16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).
 
رۆژی 31ی تەممووز، بەرپرسێک لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە رووداوی گوت: "هەر کۆمپانیایەک بە جیا وەڵامی خۆی لەبارەی ئەو پێشنیازەوە بۆ حکومەت ناردووە و بڕیارە بەر لە دەستپێکردنی رادەستکردنەکە، کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە بکرێت. گرنگترین تێبینیی ئێمە ئەوەیە کە دوای 90 رۆژ، شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان چۆن دیاری دەکرێت؟ چونکە بەگوێرەی گرێبەستەکانیان، نایانەوێت بڕێکی دیاریکراو و جێگیر وەربگرین، بەڵکو بەگوێرەی نرخی نەوتی فرۆشراو لە بازاڕەکاندا بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە