وەزارەتی بازرگانیی عێراق: وادەی خۆتۆمارکردن لە پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک درێژناکرێتەوە

31-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین رۆژی خۆتۆمارکردنە لە پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکە نەدراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد حەنوون بە رووداوی راگەیاند، "هەر خێزانێک تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو خۆی تۆمار نەکات، بۆ مانگی داهاتوو بەشە خۆراکەکەی دەبڕدرێت؛ تاوەکو دەچێت لە ناوەندێکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی پڕۆسەی خۆتۆمارکردنەکە تەواو دەکات."
 
وەک گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی پێدەکات، "بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 36 ملیۆن هاووڵاتی لە تەواوی عێراق، بەشێوازی ئەلیکترۆنی خۆیان تۆمارکردووە.
 
لەبارەی تۆمارکردنی ناوی نوێ یان سڕینەوەی، محەممەد حەنوون گوتی، "ناو سڕینەوە و زیادکردن، هەڵگرتنی بلۆک و گواستنەوە، بەشێوەیەکی کاتی راگیراون. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پێداچوونەوانەیە کە بۆ دڵنیابوون لە وردی و دروستیی زانیارییەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوە یان دەستکاریکردن گیراونەتەبەر."
 
دەشڵێت، "دوای تەواوبوونی وردبینیی زانیارییەکان لە بەغدا، رێگە بە پڕۆسەی ناو زیادکردن یان سڕینەوە دەدرێت."
 
پسوولەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوەیە، کە بۆ 41 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تۆمارکراو دانراوە.
 
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە