رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە مانگێکدا 289 کەسى بە تۆمەتى جیاجیا دەستگیرکردووە، 54یان تۆمەتباری تیرۆر بووە و 41 کەسی دیکەی بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعس دەستگیرکراون، 35 کەسی دیکە تۆمەتبارکراون بەوەی پەیوەندییان بە گرووپە تووندڕۆکانەوە هەبووە.
31ی ئابی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئامارێکی تایبەت بە چالاکییەکانی ئەو دەزگایە لە مانگی ئابی 2025 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، لەو مانگەدا هێزەکانیان 54 تۆمەتباری تیرۆریان دەستگیرکردووە، 41 کەسی دیکەش بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعس دەستگیرکراون.
یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس و پێکهاتە و پارت و چالاکییە دەمارگیری و تیرۆریست و تەکفیرییەکانی عێراق، رێگری لە هەموو چالاکییەک دەکات کە پەیوەندیدار بن بە حیزبی بەعس و سزاکەی دەکاتە زیاتر لە 10 ساڵ بەندکردن.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئابدا 85 کەسیان بەتۆمەتی تووندوتیژی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە، 34 کەسی دیکەش بەتۆمەتی فێڵکردن.
بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بانگەشەکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، گەیشتووەتە 30 کەس، 10 کەسی دیکەش لەلایەن ئەو دەزگایەوە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤ دەستگیرکراون. 35 کەسی دیکەش بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە گرووپە تووندڕۆکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ