ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە: پشتگیری رەهای هیچ بەربژێرێکی سەرۆکوەزیران ناکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، دەڵێ، ئەوان لەگەڵ ئەو بڕیارە دەبن کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەگشتی لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەیدات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "پرسی سەرۆککۆمار بۆ برایانی کورد جێهێڵدراوە."
 
فەهد جبووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوتی حیکمە پشتگیری هیچ بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناکات و پابەندی ئەو بڕیارە دەبێت کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە کۆی دەنگ لەسەری رێکدەکەوێ."
 
فەهد جبووری گوتی، عەممار حەکیم ئەندامی لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ 42 بەربژێری سەرەتا بۆ پۆستەکە کە ئێستا تەنیا 9 بەربژێریان ماونەتەوە، بۆیە "ناکرێ پشتگیری بەربژێرێک بکات لە کاتێکدا لەنێو لیژنەیەکدایە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکان. کارێکی لەو جۆرە بێلایەنی لە پرۆسەکەدا ناهێڵێت."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەربژێرە بەهێزەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران بریتین لە محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی؛ ئاماژەی بەوەشکرد، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقیش بەربژێرێکە کە دوای ئەوان دێت. 
 
بەرپرسەکەی رەوتی حیکمە دەڵێ: "بۆچوونی جیاواز لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرەکان هەیە؛" گوتیشی: "هەر ناوێک لەو 9 کەسە کە هەموو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەری کۆک بێت، ئێمەش لەگەڵی دەبین" و ئەگەریش رێکنەکەون "رەنگە بچنە سەر ناوی دیکە، واتە دەکرێ هیچ کام لەو 9 کەسە نەبێ."
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە، جبووری گوتی: "ئەم پرسە بۆ برایانی کورد جێهێڵدراوە و ئێمە دەست لەو بابەتە وەرنادەین." 
 
بەرپرسەکەی حیکمە رایگەیاند، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێری جیاواز رکابەرایەتی لەسەر پۆستی سەرۆکی کۆمار دەکەن و گوتی، یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە، لە کاتێکدا "برایانی پارتی کەسایەتییەکی هاوشێوەی دکتۆر لەتیف رەشیدیان دەوێ کە یەکێتی نییە، بەڵام لێیەوە نزیکە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق.

وەزیری کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: تورکیا 100 مەتر سێجا ئاومان بۆ بەردەداتەوە

لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەکەی ئەم دواییە، کە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بارانی باش باریوە، بەڵام قەرەبووی ئەو بڕەی نەکردووەتەوە، کە دەبوو لە تورکیاوە پێیان بگات.