ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: هەفتەی داهاتوو بنکەی عەین ئەسەد رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێ، ئەم ساڵ 93 هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر پێگەکانی داعش و چەندین سەرکردەی کوژراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتەی داهاتوو بنکەی عەین ئەسەد بەتەواوی رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، ئاماری چالاکییە ئەمنییەکانی ساڵی 2025ی خستەروو و رایگەیاند: "ئەم ساڵ 37 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و 93 هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتوو بۆسەر پێگەکانی چەکدارانی داعش ئەنجامدراون." 
 
سەبارەت بە زیانەکانی داعش، محەمەداوی گوتی: "هێزە ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگی ئاژانسی هەواڵگری، توانیویانە (ئەبو خەدیجە) والیی داعش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و چەکدارانی پلە یەک و دووی رێکخراوەکە بکوژن. داعش گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و توانای خۆڕێکخستنەوەی نەماوە".
 
ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق
 
سەبارەت بە پرسی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی، رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان سێ مانگ لەمەوبەر واژۆ کرا. 
 
قەیس محەمەداوی گوتیشی: "ئێستا هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانان لەنێو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان نەماوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بە فەرمی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە." 
 
بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار زۆرترین راهێنەری هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعشى بە سەرکردایەتیى ئەمریکا لێبوو.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرن.
 
دۆسیەی کەمپی هۆل
 
لەبارەی گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان، محەمەداوی رایگەیاند، دۆسیەکە گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی.
 
ئەم ساڵ 15 کاروانی خێزانە عێراقییەکان گەڕێندراونەتەوە کە 2,954 خێزان بوون و لە 10,781 کەس پێکهاتبوون. 
 
لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025یشدا 5,623 خێزان کە ژمارەیان 21,343 کەس بووە، گەڕێندراونەتەوە عێراق. 
 
کەمپی هۆل کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 
 
ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێنرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان، پاشان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق دەڵێت، چەندین هەوڵی هاککردنیان شکتپێهێناوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق: ئەم ساڵ چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی پووچەڵکراونەتەوە

بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لە ساڵی 2025دا چەندین هەوڵی هاكکردن و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی وەزارەتەکەیان هەبوون، بەڵام توانراوە شکستیان پێبهێندرێ.