گرووپە چەکدارەکان لە حەلەب پێشڕەوی دەکەن و ئەسەد بەڵێنی تێکشکاندنیان دەدات

01-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، دەستیان بەسەر "زۆربەی" شاری حەلەب و فڕۆکەخانەکەیدا گرت و لە دوو پارێزگەی دراوسێش پێشڕەوییان کردووە، ئەمە وەک سەرچاوە خۆجێیەکان باسی دەکەن. بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دەڵێت، گرنگ نییە هێرشی گرووپە چەکدارەکان چەند بەهێز بێت، وڵاتەکەی دەتوانێت "تیرۆریستان تێکبشکێنێت." 
 
لە کاردانەوەی بەرپابوونی شەڕەکە، سێ وڵاتی پەیوەندیدار بە ململانێی سووریا، واتە رووسیا و ئێرانی هاوپەیمانی ئەسەد و تورکیای پشتیوانکاری "ئۆپۆزسیۆن" گفتوگۆیان لەسەر "پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی" سووریا کرد. هەروەها تاران رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە) سەردانی سووریا دەکات و دواتر دەچێتە تورکیا. 
 
رۆژی شەممە، ئەمریکا گوتی، بەشار ئەسەد بەهۆی پشتبەستنی بە رووسیا و ئێران، حەلەبی لەدەست دا. 
 
شۆن ساڤیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "پشتبەستنی سووریا بە رووسیا و ئێران،" هەروەها رەتکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015 بۆ ئاشتی دیاریکردبوو، "بوونە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا." گوتیشی "لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نییە کە دەستەی تەحریری شام دەستیپێکردووە، کە رێخکراوێکی بە تیرۆریست پۆلێنکراوە."
 
پێش ئەوە، رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوتبوو، "چاودێریی دۆخەکە دەکەین،" بەڵام پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند "هیچمان بۆ گوتن نییە" لەسەر دۆخی حەلەب. 
 
 
ئەو گرووپە چەکدارانە کە مەڵبەندیان پارێزگەی ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەستیان بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی رۆژئاوای پارێزگەی حەلەب کرد، تاوەکو شەوی هەینی توانییان بچنە نێو شاری حەلەب.
 
دوای چەند ساڵێک لە گەمارۆ و بۆردوومانی چڕ، ساڵی 2016، سوپای سووریا بە پشتیوانیی رووسیا و ئێران، شارەکەی بەتەواوی کۆنترۆڵکردبوو، ئەمە یەکەمین جارە دەکەوێتەوە دەستی گرووپە چەکدارەکان. 
 
بەگوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دەستەی تەحریری شام کە پێش ئەوەی خۆی لە رێکخراوی قاعیدە جیابکاتەوە ناوی بەرەی نوسرە بوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێستا "زۆربەی شاری حەلەب و دامودەزگە حکومییەکان و زیندانەکانیان" کۆنترۆڵکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی هەینی پێشڕەوییان کرد و سوپای سووریا "هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەوتۆی" نەبوو. 
 
چەکدارانی سەر بە دەستەی تەحریری شام رۆژی شەممە لە بەردەم قەڵای مێژوویی حەلەب و گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە بینران. 
 
پیاوێک بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، بە جلی سڤیلەوە گوتی "ئەمە ماڵ و شوێنی کارکردنمە. 10 ساڵ لەمەوبەر بوو کە لێرە رۆیشتم."
 
"بۆ پاراستنی سەلامەتیی" دانیشتووان، فەرماندەیی گرووپە چەکدارەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە 05:00ـی ئێوارەی شەممەوە تاوەکو 05:00ـی ئێوارەی یەکشەممە راگەیاند. 
 
شەوی هەینی، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2016ـەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا چەند گەڕەکێکی شارەکەیان بۆردوومان کردن. بەیانیی رۆژی شەممەش، "هاوکات لەگەڵ گەیشتنی هێزێکی گەورەی پشتیوانی" بۆ گرووپە چەکدارەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا گەڕەکی فورقانیان بۆردوومانکرد.
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، رۆژی شەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی رووسیا "کە هەندێ ئۆتۆمبێلی سڤیلی لە کاتی تێپەڕینیان بە بازنەی باسلدا" کردنە ئامانج، لانیکەم 16 کەسی سڤیل کوژران. ئەو بازنەیە لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە. 
 
ژمارەیەک ئۆتۆمبێل سووتان و چەند تەرمێک لەسەر رێگەکە بینران، لە نێویاندا ژنێک 
 
هێزە کوردییەکان بەیانیی رۆژی شەممە گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و کۆنترۆڵیان کرد، دوای ئەوەی لە تەل رەفعەتەوە پێشڕەوییان کرد. بەڵام دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، گرووپە چەکدارەکان رایانگەیاند، فڕۆکەخانەکەیان کۆنترۆڵکردووە. نە شەڕڤانان و نە گرووپە چەکدارەکان ئاماژە بەوە ناکەن رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوانیاندا روویدابێت.
  
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان؛ لە رۆژی چوارشەممەوە، لانیکەم 327 کەس کوژراون، لە نێویاندا 183 چەکداری دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی، هەروەها 100 ئەندامی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لەگەڵ 44 کەسی سڤیل. 

 

 
"داڕووخانی هێڵەکان"
 
رۆژی شەممە، سوپای سووریا دانی بەوە دانا کە گرووپە چەکدارەکان چوونەتە نێو شاری حەلەبەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند "رێکخراوە تیرۆرستییەکان لەماوەی چەند کاژێری رابردوودا توانییان بچنە نێو چەند بەشێکی فراوانی گەڕەکەکانی شاری حەلەب" دوای ئەوەی سوپا بڕیاری دا "گۆڕانکاری لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانیدا بکات بۆ ئەوەی هێڵەکانی بەرگری بەهێز بکات."
 
وەزارەتەکە هەروەها باسی لەوە کرد "شەڕ و پێکدادانی سەخت" بە درێژایی "100 کیلۆمەتر" هەیە، ئەوەشی نەشاردەوە "دەیان" سەربازی لە شەڕدا کوژراون.
 
لەپاڵ حەلەب، دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی لە باکووری پارێزگەی حەما و رۆژهەڵاتی ئیدلبیش پێشڕەوییان کرد و دەستیان بەسەر "دەیان گوند و شارۆچکەی ستراتیجیدا" گرت لەنێویاندا خان شەیخوون و موعرەت نوعمان لە ئیدلب، هەروەها لەتامنە، مۆرک و کەفەرزەیتا لە حەما. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان ئێوارەی رۆژی شەممە رایانگەیاند، سوپای سووریا لە شاری حەمای نێوەڕاستی وڵاتەکە کشاوەتەوە. بەڵام میدیای فەرمیی سووریا هەواڵەکەی رەتکردەوە و گوتی سوپا "لە پێگەکانی خۆی لە باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگەکە ماوەتەوە."
 
میدیاکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە باسی لەوە کرد، "فڕۆکەی جەنگیی سووریا و رووسیای هاوپەیمان شوێنی کۆبوونەوە، جموجووڵ و هێڵەکانی دابینکردنی پشتیوانیی تیرۆريستان دەکەنە ئامانج."
 
پرسیارگەلێک لەسەر پێشڕەویی خێرای گرووپە جیهادییەکان و بەرگەنەگرتنی هێزە حکومییەکان دروستبووە. 
 
دارین خەلیفە، لێکۆلینڤانی رێکخراوی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "هێڵەکانی بەرگریی رژێم بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر رووخان کە بۆ هەموو کەسێک شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو."
 
رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، "پێدەچێت" رووسیا و ئێران، کە دوو هاوپەیمانی سەرەکیی دیمەشق بوون، "دەستیان لێی بەردابێت."   
 
هێرشە کتوپڕەکە لە کاتێکدا هات کە لە ئاداری 2020ـەوە بە نێوەندگیریی مۆسکۆ و ئەنقەرە، ئاگربەست لە ئیدلب راگەیێندرابوو. 
 
ئاگربەستەکە دوای سێ مانگ لە شەڕی خوێناوی هات کاتێک هێزەکانی حکومەتی سووریا بە پشتیوانیی رووسیا، دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان کرد. ئاگربەستەکە وایکرد تووندوتیژییەکان تاڕادەیەکی زۆر بوەستێن، بەڵام پێشێلکاری ناوبەناو هەر هەبوو. 
 
پاراستنی خەڵکی سڤیل 
 
سەرۆکایەتیی سووریا رایگەیاند، رۆژی شەممە، بەشار ئەسەد بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە "پێشهاتەکانی ئەم دواییە و پێکەوەکارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی سووریا، سوودانی جەختیکردووەتەوە کە "ئاسایشی سووریا و عێراق یەک ئاسایشن و عێراق ئامادەیە هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەموو رێکخراوەکانی، پێشكێش بە سووریا بکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رۆژی شەممە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتە لەگەڵ هاکان فیدانی هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن "پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی دۆخی سووریا"ـیان تاوتوێکردووە و جەختیان لە "پێویستیی کاری هاوبەش بۆ دڵنیاییدان لە سەقامگیریی دۆخەکە" کردووەتەوە. 
 
لاڤرۆڤ هەروەها بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی "چڕکردنەوەی هەوڵی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی دۆخی سووریا."
 
دواتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراقچی "رۆژی یەکشەممە، سەردانی دیمەشق دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا بکات"، پاشانیش سەردانی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی "گفتوگۆ لەبارەی پرسە هەرێمییەکان بکات." 
 
ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، "گرووپە تیرۆرستییەکان" هێرشیان کردووەتە سەر کۆنسووڵخانەکەی لە حەلەب، بەڵام هەموو کارمەندانی دیپلۆماسیی کۆنسووڵخانەکە سەلامەتن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "خەڵکی سڤیل بپارێزن." گوتیشی پەرەسەندنە سەربازییەکان "پێشانیدەدات کە دوای 13 ساڵ لە دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سووریا، پێویستە کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووریی سووریا بێ دواکەوتن دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە" بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.  
 
هێرشەکە لەکاتێکدایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیاردا دەڕوات و ئاگربەستێکی لەرزۆک لە لوبنان لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا راگەیێندراوە. بزووتنەوە لوبنانییەکە بەدرێژایی شەڕی نێوخۆی سووریا، پشتیوانی لە هێزەکانی دیمەشق دەکرد، بەڵام ئێستا دوای لەدەستدانی سەرکردە هەرە باڵاکانی و سەدان ئەندامی، لە دۆخێکی سەختدایە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە