رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج رۆژی شەڕ و بۆردوومانەکانی سووریادا 412 کەس کوژراون کە 61یان سڤیل بوون.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماری پێنج رۆژ شەڕ و بۆردوومانەکانی سووریایان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانە، لەو ماوەیەدا 412 کەس کوژراون کە 214یان چەکداری دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی بووە. هەروەها، 137یشیان سەرباز و چەکداری نزیک لە حکومەتی سووریا بوون.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی شەڕی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردوومانەکانی سوپاکانی سووریا و رووسیا، 61 هاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون کە 17یان ئەمڕۆ بووە.
ئەو سەرچاوانەی سووریا ئەمڕۆ ئاشکرایانکرد، "رووسیا بۆردوومانی کەمپێکی ئاوارەکانی" لە شاری ئیدلب کرد. بەهۆی بۆردوومانەکەوە "12 هاووڵاتیی سڤیل کوژران کە دوویان منداڵ و یەکێکیان ژن بوو." ئاماژە بەوەش کرد، لەو بۆردوومانەدا 23 هاووڵاتی سڤیلیش بریندار بوون.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیان کردووە. ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی پارێزگای حەمای ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ