رووداو دیجیتاڵ
راوژێکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکە بۆ چارەسەری دۆخی سووریا لە گفتوگۆدان و سەبارەت بە دەستەی تەحریری شام نیگەرانن.
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024، جەیک سوڵیڤان، سەبارەت بە گرژییەکانی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکە لە راوێژداین بۆ دۆزینەوەی باشترین رێگە (چارەسەر) بۆ دۆخەکە."
دەشڵێت، "ئەوەی دەمانەوێت بیبینین جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکانە کە دەبێتە ئاشتی و سەقامگیری بۆ سووریا و پارێزبەندی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانە کەمینە ئایینییەکان."
لە رۆژی چوارشەممەوە، دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی نزیکی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ژمارەیەک ناوچەی حەلەب کردووە و زۆرینەی پارێزگاکەیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان؛ ئەمڕۆش فرۆکەخانەی سەربازییان لە ناوچەی مەنقیان کۆنترۆڵکرد.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵانێکی زۆرە رژێمی سووریا لە جەنگێکی ناوخۆییەوە تێوەگلاوە و لەلایەن سێ لایەنەوە پاڵپشتی دەکرێت کە رووسیا، ئێران و حیزبوڵـڵان. هەر سێ پاڵپشتیکارەکە لاوازبوون بە گرژییەکانی ناوچەکانی دیکەوە. بۆیە ئەمە سەرسامکەر نییە کە دەبینیت لایەنەکان لە سووریا هەوڵ دەدەن سوود لەمە ببینن، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا کردوویانە."
جەخت لەوەش دەکاتەوە، "ئەم یاخیبوونەی ئێستا لەلایەن گرووپێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت (دەستەی تەحریری شام) کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، بۆیە ئێمە نیگەرانیمان سەبارەت بەو گرووپە هەیە."
سەبارەت بە گرژییەکانی سووریا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆی دەربڕیووە. ئەمڕۆ، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە وڵاتێکدا کە 14 ساڵە بەدەست جەنگ و گرژییەوە دەناڵێنێت، زیادبوونی گرژییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروستکردووە و کاریگەری جیدیشی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت".
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکانی شەڕ دەکات "پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل بن. ئەمە نامەیەکی روونە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لە گرژییەکەدان".
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دەستپێکی هێرشەکانەوە لانیکەم 327 کەس کوژراون کە زۆرینەیان چەکدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ