لە بۆردوومانێکی رووسیادا لە ئیدلب 4 کەس کوژران و 50ی دیکە بریندار بوون

01-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، چوار کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر شاری ئیدلب کوژراون و نزیکەی 50ی دیکە بریندار بوون.
 
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە سوپای حکومەتی سووریای هاوپەیمانی مۆسکۆ، هەوڵی وەستاندنی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دەدات.
 
بە گوتەی چالاکڤانان، یەکێک لە هێرشەکان کەمپێکی ئاوارەکانی لە گەڕەکی جاميعە لە شاری ئیدلب کردووەتە ئامانج.
 
هێرشە ئاسمانییەکانی دیکە، ناوچەکانی مۆرک، خان شەیخوون، کەفەرنەبل، حەزارین و تەل کەوکەبەیان لە باشووری ئیدلب و باکووری حەلەب کردوونەتە ئامانج کە لە رۆژی شەممەوە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام. 
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دژی بەشار ئەسەد لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە. رۆژی شەممە، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی "زۆربەی" شاری حەلەب و پێشڕەوییان بەرەو حەما راگەیاند. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی سوپای سووریا "بێ ئەوەی بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەوتۆ پێشانبدەن" لەو ناوچانە کشاونەتەوە. 
 
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە رۆژی چوارشەممەوە، 48 کەسی سڤیل کوژراون و 103ی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە