رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی فەرەنسا بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و 6 بەرپرسی باڵای پێشووی ئەو وڵاتەی دەرکرد. تۆمەتەکە ئەوەیە، سوپای سووریا لە ساڵی 2012دا بۆردوومانی شارێکی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی کردووە و بەو هۆیەوە دوو رۆژنامەڤان کوژراون.
ماری کۆڤلینی ئەمریکی و رێمی ئۆچلیکی فەرەنسی، ئەو دوو رۆژنامەڤانەن کە کوژران. هاوکات پۆڵ کۆنروی، وێنەگری بەریتانی؛ ئیدیس بۆڤییە، رۆژنامەڤانی فەرەنسی و وائل عومەر، وەرگێڕی سووریایی لە هێرشەکەدا بریندار بوون.
جگە لە بەشار ئەسەد، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد و سەرۆکی گاردی نیشتمانی؛ عەلی مەملووک، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەردەمی ئەسەد؛ عەلی عەیووبیش، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و چەند بەرپرسێکی دیکە دەرکراوە.
کلێمنس بێکتار، پارێزەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ (FIDH) دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیە کە رێگە خۆش دەکات بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبارن."
فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژنامەڤانەکان ئەو کاتە بە نهێنی چووبوونە شاری حومس بۆ "دۆکیومێنتکردنی ئەو تاوانانەی رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجامی دابوون."
مازن دەروێش، پارێزەر و بەڕێوەبەری ناوەندی سووری بۆ میدیا و ئازادی رادەربڕین دەڵێت، "هێرشکردن بۆ سەر ناوەندێکی رۆژنامەڤانان بەشێک بوو لە نیازی روونی رژێمی سووریا بە مەبەستی سنووردارکردنی رووماڵی میدیایی و ناچارکردنی رۆژنامەڤانەکان بۆ جێهێشتنی شارەکە و وڵاتەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ