ئاگر لە دارستانەکانی لازقیەی سووریا کەوتووەتەوە

04-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی پارێزگەی لازقیەی سووریا کەوتەوە. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خێرایی باوە ئاگرەکە بە رووبەرێکی گەورەدا بڵاوبووەتەوە.
 
بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خێرایی با بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بە رووبەرێکی بەرفراوانی ناوچە شاخاوییەکاندا.
 
بەرگریی شارستانیی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا رووبەڕووی سەختی بوونەتەوە، هەروەها لە هەندێک لەو ناوچانە لە بوونی هەندێک پاشماوەی تەقەمەنیی نەتەقیوەی سەردەمی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکە ترسیان هەیە.
 
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە پارێزگەکانی دیکەوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان گەیشتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
عەبدولکافی کەیال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای لازقیە رایگەیاند، ئاگرەکە بە درێژایی نزیکەی 20 کیلۆمەتر بڵاوبووەتەوە و بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زەحمەت بووە بە خێرایی بجووڵێنەوە، چونکە ئاگرەکە هەندێک رێگەی داخستووە.
 
کەیال گوتیشی، "داوا لەو خەڵکە دەکەین کە لەو ناوچەیە دەژین، ئاگاداری خۆیان بن و بە شێوەیەکی کاتی ناوچەکانیان جێبهێڵن تاوەکو دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە