رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە چوونە نێو شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە بە مەڵبەندی هێزە یاخییەکان دادەنرێت.
بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە، هەسەدە دەستی بە پشکنینی شارۆچکەکە کرد. 11 رۆژە شەڕ و پێکدادانی سەخت لە نێوان هەسەدە و بەشێکی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور و هەندێک هۆز بەردەوامە، کە پێشتر هاوپەیمانی یەکدی بوون.
رووداو لە سەرچاوەیەکەوە لە دێرەزوور زانیویەتی، هەسەدە لە چەند بەرەیەکەوە چووەتە نێو شارۆچکەی زیبان.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە تایبەتەکانی هەسەدە، دەستیان بە پشکنینی شارۆچکەکە کردووە، بەڵام هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەو سەرچاوە تایبەتە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو شارۆچکەکانی شحێل و حەوایجە بە تەواوی لە دەستی چەکدارە یاخییەکان هێنراونەتە دەرەوە.
زیبان شوێنی ژیانی ئیبراهیم حدێل-ە کە سەرۆکی هۆزی عگێداتە، کە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بە سەرکێشیکردنی ئاشووب و ئاژاوەنانەوە تۆمەتباریکردبوو و رایگەیاندبوو، ئەو سەرۆک هۆزە لە لایەن هێزەکانیانەوە داواکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ