رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆر جەیمس ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر گرژییەکانی حەلەب هاتە دەنگ و رایگەیاند، دابەشبوون و تووندوتیژی تەنیا خزمەت بە "ئەکتەرە خراپەکان" دەکات، داواش لە هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات شەڕ ڕابگرن.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 سیناتۆر جەیمس ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی لیژنەکە لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "دابەشبوون و تووندوتیژی لە سووریا تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەکتەرە خراپەکانی وەک داعش و ئێرانە کە سووریا دەقۆزنەوە لەبری ئەوەی هانی گەیشتن بە ئاشتی بدەن."
سیناتۆر ریش داوای هەڵوێستی بەپەلە لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکات و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەم گرژییەکان کەم بکەنەوە و دڵنیایی بدەن کە سووریا بۆ هەمووان پارێزراوە."
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، شاری حەلەب سەختترین رۆژی خۆی لە چەند مانگی رابردوودا بەڕێ دەکات و شەڕی قورس لەنێوان هەسەدە و گرووپ چەکدارەکانی حکومەتی سووریا بەردەوامە.
هێزەکانی ئاسایشی حەلەبی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێن، لە ئەنجامی بۆردوومانی حکومەت بە "تانک، کاتیوشا و درۆن" بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایەق، جۆرج خەوام) و 26 کەسی دیکەش بریندارن کە ژن و منداڵیان تێدایە.
هەسەدە دەڵێ، حکومەت چەکی قورسی بردوەتە نێو شار و ئامانجی "کۆمەڵکوژییە". هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوودیش بە رووداوی گوت، "گرووپەکانی (حەمزات و عەمشات) لەپشت هێرشەکانن."
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارەکانی هەسەدەوە سەربازێک و 3 سڤیل کوژراون و 12 کەسی دیکە بریندارن، لە نێویاندا 9 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لەکاتی دەوامدا بریندار بوون.
بەهۆی سەختیی شەڕەکەوە، پارێزگاری حەلەب دەوامی قوتابخانە و فەرمانگەکانی بۆ رۆژی چوارشەممە راگرت و داوای لە خەڵک کرد نەچنە ناوەندی شار. بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکان ئاوارە بوون و دۆخی دانیشتووانی شێخ مەقسوودیش بەهۆی گەمارۆوە سەختە و 5 مانگە سووتەمەنییان پێنەگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ