هەسەدە: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق تانک و تۆپیان هێناوە؛ هێزەکانمان تەقەیان لە خەڵک نەکردووە

دوێنێ کاژێر 05:56
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە گوایە هێزەکانی تۆپبارانی گەڕەکەکانی حەلەبیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا "تانک و تۆپ"یان هێناوەتە شارەکە و تۆپبارانی شێخ مەقسوود دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی سووریا دایەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەسەدە بە هەموو شێوەیەک ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە گوایە هێزەکانمان گەڕەکەکانی حەلەبیان کردووەتە ئامانج، چونکە بەپێی رێککەوتنی 1ـی نیسان، هێزەکانمان خاڵەکانیان رادەستی ئاسایشی نێوخۆ کردووە."
 
"تانک و تۆپ دژی سڤیلەکان"
 
هەسەدە دەڵێت، ئەوەی روودەدات دروستکردنی قەیرانە لەلایەن "گرووپە دابەشبووەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" کە چوار مانگە گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان داوە.
 
سەبارەت بە دۆخەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، هەسەدە دەڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە تۆپبارانکردنی گەڕەکەکان، کاری هەمان ئەو گرووپانەیە، بەتایبەت لە رۆژئاوا و باکووری حەلەب کە تێیدا مووشەکەکان بە ئاڕاستەیەکی سەربازیی روون لە خاڵی ئەو گرووپانەوە بەرەو گەڕەکەکانی شارەکە دەتەقێندرێن بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش و نانەوەی ئاژاوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە لەوەی، "ئەو گرووپانە کارەکەیان گەیاندووەتە ئاستێک کە تانک و تۆپیان هێناوە بۆ تۆپبارانکردنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە ئەمەش دۆخێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی سڤیل و سەقامگیریی ناوچەکە."
 
رۆژێکی خوێناوی لە حەلەب
 
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە شەڕ و پێکدادانی قورس لە حەلەب دەستیپێکرد و هەسەدە و دیمەشق سەبارەت بە شەڕەکە یەکدییان تۆمەتبارکرد.
 
هەسەدە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەکیی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شێخ مەقسوود، ژنێک بەناوی (فاتیمە حەمادە) گیانی لەدەستداوە و 17 سڤیلی دیکە بریندارن کە ژن و منداڵیان تێدایە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا (سانا) هەسەدەی بە تۆپبارانکردنی گەڕەکی (مەیدان) و باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لە حەلەب تۆمەتبار کرد. تەندروستیی حەلەب کوژرانی 3 کەسی سڤیلی راگەیاند کە دووانیان ژنن. هەروەها گوتی، 9 فەرمانبەری حکومەت لە باڵەخانەی کشتوکاڵ بریندار بوون.
 
ئاژانسی سانا بڵاویکردەوە، بەهۆی چڕیی تۆپبارانەکەوە، دانیشتووانی گەڕەکی (نیل) لە حەلەب ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی خەڵک لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. وێنە: Bakr ALkasem / AFP

لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان بۆ پشتگیریی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکرێت

پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە دژی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، لە 17 پارێزگای باکووری کوردستان و چوار شاری گەورەی تورکیا گردبوونەوە و رێپێوان ساز دەکەن