رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەلەب داوا لە دانیشتووانی شارەکە دەکات خۆیان لە ناوچەکانی پێکدادان بەدوور بگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 15 کەس بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب رایگەیاند، "بەهۆی تۆپبارانی هەڕەمەکیی سەرچاوەگرتوو لە پێگەکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، داوا لە کەسوکارمان دەکەین هۆشیار بن و لەپێناو سەلامەتییان رووەو سەنتەری شار نەچن و بە ناوچەکانی پێکداداندا تێنەپەڕن."
پارێزگاری حەلەب داوای کردووە خەڵک لە شوێنی گردبوونەوەکان دووربکەونەوە.
پارێزگاری حەلەب باس لەوە دەکات، ژمارەی بریندارەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گەیشتووەتە 15 کەس کە منداڵیان تێدایە؛ هەروەها 9 لە بریندارەکان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەبن کە لە کاتی دەوام بریندار بوون.
ئەمڕۆ لە حەلەب چی روویدا؟
دۆخی ئەمنی لە شاری حەلەب لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەرەو ئاڵۆزیی تووند چووە و پێکدادان و تۆپبارانی چڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا (دیمەشق) دەستیپێکردووە؛ هەردوولاش یەکدی بە دەستپێشخەری لە هێرشکردن و بەکارهێنانی چەکی قورس تۆمەتبار دەکەن.
هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، ژنێک بەناوی (فاتیمە حەمادە) گیانی لەدەستداوە و 17 سڤیلی دیکە بریندار بوون.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە، تەقەی لە خەڵکی حەلەب کردبێت و رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت تانک و تۆپیان هێناوە بۆ تۆپبارانکردنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەمارۆ و هێرشەکانی بە "هەوڵێکی مەترسیدار" ناوبرد کە هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا.
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 3 هاووڵاتیی سڤیلی "کە دووانیان ژنن" لە گەڕەکی (مەیدان) راگەیاند؛ دوایین ئاماریش باسی 15 بریندار دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسی سانا، بەهۆی چڕیی بۆردوومانەکانی هەسەدەوە، دانیشتووانی گەڕەکی (نیل) ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
هێزەکانی حکومەت دەڵێن، وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە.
لەگەڵ ئەم شەڕە خوێناوییە، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا (هاکان فیدان) و سووریا (ئەسعەد حەسەن شەیبانی) لە پاریس کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئەمنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ