ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری حەلەب: 3 کەس لە شێخ مەقسوود گیانیان لەدەستداوە و 11ش بریندارن

06-01-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) دەڵێن، سێ سڤیل لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی حکومەت "درۆن و نیشانەشکێن" بەکاردێنن و ژێرخانی ئاو و کارەبا دەکەنە ئامانج.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، هێزەکانی ئاسایشی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویان کردەوە، "لە ئەنجامی تۆپباران و مووشەکبارانی هەڕەمەکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ژمارەی قوربانییان بەرزبووەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، سێ سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان ژن بوون؛ هەروەها بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکان بەردەوامن و شێوازی نوێ بەکاردەهێنرێت؛ "تۆپباران بەردەوامە و درۆن بەکاردێت، لەگەڵ نیشانەشكین و تەقەکردن بە چەکی قورس کە ژیانی سڤیلەکان دەخاتە مەترسییەوە."
 
هێزەکانی ئاسایش ئەم هێرشانە بە "تاوانی جەنگ" و "پیلان بۆ داڕێژراو" ناودەبات و دەڵێت، "بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەکەنە ئامانج، لەوانە ئاو و کارەبا، بۆ ئەوەی نەهامەتییە مرۆییەکان قووڵتر بکەنەوە."
 
دۆخی ئەمنی لە شاری حەلەب لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەرەو ئاڵۆزیی مەترسیدار رۆیشتووە و شەڕی قورس لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا (دیمەشق) دەستیپێکردووە؛ هەردوولاش یەکدی بە دەستپێشخەری لە هێرشکردن و بەکارهێنانی چەکی قورس تۆمەتبار دەکەن.
 
سەرەتا هەسەدە گیانلەدەستدانی ژنێک بەناوی (فاتیمە حەمادە) و برینداربوونی 17 کەسی راگەیاند؛ ئێستا ئاسایش دەڵێ، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
تەندروستیی حەلەبیش کوژرانی 3 هاووڵاتیی سڤیلی لە گەڕەکی (مەیدان) راگەیاند کە دووانیان ژن بوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەب دەڵێ، 9 فەرمانبەریان بەهۆی تۆپبارانی هەسەدەوە بریندار بوون؛ بەگشتی ژمارەی بریندارانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گەیشتووەتە 15 کەس.
 
بەگوێرەی ئاژانسی سانا، دانیشتووانی گەڕەکی (نیل) بەهۆی تۆپبارانەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە؛ پارێزگاری حەلەبیش هۆشداری داوەتە خەڵک کە نەچنە سەنتەری شار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی سووریا

سووریا رێکارەکانی پێدانی وڵاتینامە بەو کوردانە رادەگەیێنێت کە لێی بێبەش بوون

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێدانی وڵاتینامەی بەو کوردانەی لێی بێبەش کرابوون راگەیاند و دەڵێت، چەندین ناوەندی بۆ پێشکێشکردنی داواکاری لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، رەققە، دێرەزوور و حەسەکە کردەوە